Accessibility links

ئاسایشی هەرێم بۆ VOA: خۆپیشاندان دژی سەردانەکەی ئەردۆغان لە سلێمانی بەهۆی "نەبوونی مۆڵەت و بۆ پاراستنی ئاسایش" ڕێگری لێکرا


ئەمڕۆ دووشەممە، 22-4-2024، بریاربوو لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک سیاسی، پەرلەمانتار و چالاکوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم نوسینگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرتبوونەوەیەک ئەنجامبدەن و یاداشنامەی ناڕەزایەتی بدەنە پەرلەمانتارانی عێراق. بەڵام ئاسایش ڕێگریکرد لە ئەنجامدانی گرتبوونەوەکە و ڕوماڵی میدیاکاران.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت خۆپیشاندەران مۆڵەتیان نەبووە بۆیە ڕێگری لە چالاکیەکە و ڕوماڵەکەی کراوە، بەڵام ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە دەڵێن چالاکییەکەیان پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت نەبوو.

سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هۆکاری ڕێگریەکە لە لایەک بۆ نەبوونی مۆڵەت دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکە، لەلایەکی تریش بۆ پاراستنی ئەمنیەت بووە."

وتەبێژەکە وتیشی، "کەسمان دەستگیرنەکردووە، تەنها دورمانخستوونەتەوە."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ پاش نزیکەی 13 ساڵ سەردانی عێراقی کردەوە. ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق لە بەغدا، بڕیارە بەرەو هەولێر بەڕێبکەوێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە ڕۆژی 22-4-2024.
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە ڕۆژی 22-4-2024.

سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەردۆغان ڕایگەیاند هەردوو وڵات زیاتر لە 24 ڕێککەوتنی جیاوازیان لە بواری ئاسایش و ئابووری و بوارەکانی تری پەرەپێدانی پەیوەندییەکان واژۆکردووە.

ڕێگرییەکەی ئاسایش بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە و ڕوماڵی ڕۆژنامەوانان لە کاتێکدایە ئەمڕۆ یادی 126 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکرێتەوە.

ڕۆژنامەنووس شوان محەمەد سەبارەت بە ڕێگرییەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێزێکی زۆری ئەمنی هاتبوونە شوێنی گرتبوونەوەکە. دواتر چەند بەرپرسێکی ئاسایش هاتن و بڵاوەیان بە ئێمە و خەڵکەکەش کرد، هەڕەشەی گرتنیان لێکردین لە ئەگەری بە جێنەهێشتنی شوێنەکە، سەر ئۆتۆمبێلیان خستین و لە شوێنێکی تر دایان بەزاندین بۆ ئەوەی دوورمان بخەنەوە لە شوێنەکە."

وتیشی، " ئەوە پێشێلکارییە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، هەرچەندە ئەمڕۆ دنیایەک وتاری جوانمان لە بەرپرسانەوە بیست تایبەت بەم ڕۆژە، بەڵام هەر خۆیان پێشێلکاری لەم ڕۆژەدا بەرامبەرمان دەکەن."

سەبارەت بە نەبوونی مۆڵەت، دوو ڕێکخەری گردبوونەوەکەی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە داوای مۆڵەتیان نەکردووە.

یەکێک لە ڕێکخەرەکان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "گردبوونەوەکە بۆ خۆپیشاندان نەبوو بەڵکو بۆ پێشکەشکردنی یاداشتی ناڕەزایەتی بوو بە نوسینگەی پەرلەمانی عێراق، بۆیە پێویستی بە مۆڵەت نەبوو."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:24 0:00
XS
SM
MD
LG