Accessibility links

برای ئەو گەنجەی ماوەت کە گوماندەکرێت فرۆکەی تورکیا کوشتبێتی دەڵێت "هیچ بەرپرسێک نەهاتووەتە سەرخەت"


مەراسیمی بەخاکسپاردنی محەمەد حاجی سەعید کە دەگوترێت لە هێرشێکی فڕۆکەیی تورکیا کوژراوە.
مەراسیمی بەخاکسپاردنی محەمەد حاجی سەعید کە دەگوترێت لە هێرشێکی فڕۆکەیی تورکیا کوژراوە.

بەرپرسانی حکومی هەر وڵاتێک دوای کوژرانی هاووڵاتییەکیان کە گومان بکرێت حکومەتێکی تر ئەنجامی دابێت، دەستبەجێ بەیاننامە بڵاودەکەنەوە و هاونیشتیمانیانیان دڵنیا دەکەنەوە لە بەدواداچوونی ورد و هەڵوێست وەرگرتن. بەڵام کەسوکاری گەنجێکی 35 ساڵ لە ماوەت دەڵێن، چەند ڕۆژێک دوای کوژرانی کوڕەکەیان لەلایەن فڕۆکەوە، تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکی نەبووە و "هیچ بەرپرسێک نەهاتۆتە سەرخەت."

ڕۆژی یەکشەممە، 14-4-2024، چەند پارچەیەک لە تەرمی هاوڵاتییەکی 35 ساڵان بە ناوی محەمەد حاجی سەعید لە باخی خێزانەکەیدا لە گوندێکی قەزای ماوەت دۆزرایەوە.

بەرپرسانی ناوچەکە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند شوێنەکە ڕۆژی شەممە لە لایەن فڕۆکەی تورکیاوە کراوەتە ئامانج.

هەروەها چەند کەسێکی نزیک لە خێزانی قوربانییەکە کە داوایانکرد ناویان بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، قوربانییەکە لەگەڵ خێزانەکەیدا چوونەتە باخەکەیان کە چەند کیلۆمەترێک لە گوندی گەڵاڵەوە دوورە، ئێوارە دوای تەواوبوونی کار خێزانەکە گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام محەمەد بەمەبەستی تەواوکردنی چەند کارێک لە ناو باخەکەیاندا ماوەتەوە و خێزانەکەی دوای تێپەڕبوونی چواردە کاتژمێر ئینجا بە مەرگی کوڕەکەیان زانیوە.

هێمن حاجی سەعید، برای قوربانییەکە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "هیچ بەرپرسێک نەهاتۆتە سەرخەت و بەشداری پرسەکەمانی نەکردووە، تەنها لە ئاستی کەسی و ناسیاوێتی چەند کەسێک بەشدار بوون. وەک حکومەت کەس بەشداری نەکردووە."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی تورکیا هیچ ئاماژەیەکی بەو ڕووداوە یان ئەنجامدانی هێرشی فرۆکەوانی لەو ناوچەیە نەکردووە.

هەروەها حکومەتی هەرێم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاونەکردۆتەوە لەسەر هۆکاری کوژرانی ئەم گەنجە.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو ڕایگەیاند، "بەهۆکاری ناساغی تەندروستیم لە دەرەوەی وڵاتم و ئاگاداری دۆخی کوردستان نیم."

بە وتەی کەسوکاری قوربانییەکە، وێڕای بەشدارینەکردنی هیچ بەرپرسێکی حکومەت لە پرسەی کوڕەکەیان، هیچ بەیاننامەیەکی نارەزایی یان دڵنیایی لەلایەن حکومەتەوە دەرنەکراوە، کە بووەتە هۆی نائومێدی زیاتری خێزانەکەیان.

 قائیمقامی قەزای ماوەت باس لە کوژرانی گەنجێک بە ناوی محەمەد حاجی سەعید دەکات بەهۆی هێرشی فڕۆکەوە
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:44 0:00

هێمن حاجی سەعید، برای قوربانییەکە، ڕایگەیاند، "داوا لە برادەرانی پەکەکە دەکەین ڕەچاوی دۆخی خەڵک بکەن و نزیکنەبنەوە لە گوندەکان، چونکە بیانوەکەی تورکیا هەبوونی ئەوانە لەو ناوچانە، هەرچەندە ئەوان لەوێ نەبوون لەکاتی ڕووداوەکەدا. هەرچی داوا بکەین لە بەرپرسانی هەرێم ئەوان دەسەڵاتیان نییە. ئەو ڕۆژە نەنکم و دوو مامم و براکەم و دوو ئامۆزام لەوێ بوون، ئەگەر بمانایەتەوە ئەوانیش دەبوونە قوربانی و کارەساتی گەورەتر دروستدەبوو."

وتیشی، "ئێستا ئێمە داوامان تۆمارکردووە دژی تورکیا، دوای پرسەکە لە هەوڵداین ئەمە بکەین بە کەیسێکی فەرمی."

هەرچەندە دوای گیانلەدەستدانی محەمەد، تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەک و ڕوونکردنەوەیەکی گشتی لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و ئیدارەی سلێمانییەوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی یەکەمی ئیدارەی سلێمانی دەڵێن بێ هەڵوێست نەبوون.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە بەشداری پرسەکە بووین و بە فەرمی پرسەنامەمان بۆ ناردووە."

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی وتیشی، "لەگەڵ قونسولی گشتی تورکیا لە هەرێم قسەم کردووە کە ئەمە بۆ جاری چوارەمە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرێنە ئامانج. لە کاتێکدا کە کاتی گەشتە، کاتی ڕەز و باخ و گەڕانەوەی خەڵکە بۆ گوندەکان، داوامکردووە ئەم حاڵەتانە دووبارە نەبنەوە، چونکە خەڵکی سڤیلن و پەیوەندیان نییە بە هیچەوە. بە فەرمی سەرکۆنەی ئەم ڕووداوانەمان کردووە و داوامان کردووە کە ئەو حاڵەتانە لەبەرچاوبگرن و دووبارە نەبنەوە و ڕوونکردنەوەی پێویستیشمان بخەنە بەردەست."

تورکیا بەردەوام هێرشی جۆراو جۆر دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبووی گەریلاکانی پەکەکە. بە پێی ئاماری ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی هێرشی تورکیاوە 5 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیش بریندار بووە. هەر لە چوار مانگی ئەمساڵیشدا تورکیا 458 هێرش و ئێرانیش 15 هێرشی بۆ سەر خاکی هەرێم ئەنجامداوە.

بەشێک لە چاودێرانیش ڕەخنە لە بێدەنگی حکومەتی هەرێم دەگرن و تورکیاش بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێم تۆمەتبار دەکەن.

ڕێبین عومەر، ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "هەم دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم هەم لە عێراق لە ئاست ئەو پیشێلکاریە گەورەیە نین بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل دەکرێت. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، لە ئاستی لاوازدا دەنگیان هەیە. تەنها وەک بەیاننامە هەڵویست هەیە."

وتیشی، "هەموو کەسێک دەورێکی هەیە کە فشار دروستبکەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بە ئاگای خۆیان بێنەوە؛ بەڵام ڕێککەوتنی ئەمنی هەیە لە نێوان تورکیا و عێراق کە تورکیا ڕێگە بە خۆی دەدات داخڵی خاکی هەرێم ببێت."

XS
SM
MD
LG