Accessibility links

گەنجێکی ماوەت 14 کاتژمێر دوای پێکانی لەلایەن فرۆکەیەکەوە تەرمەکەی دۆزرایەوە


دیمەنی ناشتنی تەرمی گەنجێکی ماوەت بە ناوی محەمەد حاجی سەعید کە لە بۆردوومانێکی فرۆکە گیانی لەدەستدا.
دیمەنی ناشتنی تەرمی گەنجێکی ماوەت بە ناوی محەمەد حاجی سەعید کە لە بۆردوومانێکی فرۆکە گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە تەرمی گەنجێکی تەمەن 35 ساڵان لە باخی گوندێکی قەزای ماوەت لە سنوری گەڵاڵە دۆزرایەوە کە بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن لە لایەن فڕۆکەی تورکیاوە کراوەتە ئامانج، وە خێزانەکەی دوای تێپەڕبوونی چواردە کاتژمێر بە مەرگی کوڕەکەیان زانیوە.

قوربانییەکە ناوی محەمەد حاجی سەعیدە، گەنجێکی تەمەن 35 ساڵە، ژیانی هاوسەری پێکنەهێناوە و خەڵکی گوندی گەڵاڵەی شارباژێرە.

چەند کەسێکی نزیک لە خێزانەکە کە داوایانکرد ناویان بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، دوێنێ محەمەد لەگەڵ خێزانەکەیدا چوونەتە باخەکەیان کە چەند کیلۆمەترێک لە گوندی گەڵاڵەوە دوورە، ئێوارە دوای تەواوبوونی کار خێزانەکەی دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، بەڵام محەمەد بەمەبەستی تەواو کردنی چەند کارێک لە ناو باخەکەیاندا دەمێنێتەوە و بڕیاردەدات بۆ ڕۆژی دواتر بگەرێتەوە بۆ سلێمانی.

بەڵام شەو "فڕۆکەی تورکی" لە خانووی باخی ماڵی محەمەد دەدات و بەو هۆیەشەوە گیان لەدەست دەدات.

بە هۆی دووری باخەکەشیان لە ناو گوندەکە، خێزانەکەی دوای 14 کاتژمێر بە تۆپبارانەکە دەزانن، کە بە هۆیەوە محەمەد گیانی لەدەستداوە.

ئەمشەویش لە مەراسیمێکدا تەرمی محەمەد سەعید، کە بە قسەی شایەتحاڵەکان تەنها دەستەکانی لە دوای هێرشەکە بەجێماون، لە گۆڕستانی کەڵەکن لە شاری سلێمانی بەخاکسپێردرا.

دەنگی ئەمەریکا کە ئامادەی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەی محەمەد بوو، هەوڵیدا وتەی باوک و کەسوکارەکەی سەبارەت بە ڕووداوەکە وەربگرێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی دەرونیان نەیانتوانی لێدوان بدەن.

کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت، کە ئامادەی مەراسیمی بەخاکسپاردنی محەمەد بوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " دوێنێ شەو کاتژمێر 11 ڕووداوەکە ڕوویداوە لە دۆڵی شۆرێ کە نزیکەی 8 بۆ 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری گوندی گەڵاڵەوە دوورە. ماڵەکە لەسەر ڕەز و باخی خۆیان خانوویان کردووە. ئەو ڕۆژە تا ئێوارە سەرجەم خێزانەکە لەوێ بوون. بەڵام گەنجەکە ماوەتەوە چونکە هەندێ کاری باخداری ماوە قەرار بووە تەواوی بکات ئیتر سەعات 11 بەهۆی بۆردومانەکەوە شەهید دەبێت. بەڵام ڕۆژی دواتر شوانەکان دەچنە خانوەکە ئینجا دەزانن دەنگێک کە شەوی ڕابردوو گوێبیستی بوون تۆپ باران بووە، دواتر دەزانن کاک محمد لەوێ شەهید بووە."

 قائیمقامی قەزای ماوەت باس لە کوژرانی گەنجێک بە ناوی محەمەد حاجی سەعید دەکات بەهۆی هێرشی فڕۆکەوە
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:44 0:00

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی تورکیا هیچ ئاماژەیەکی بە ئەنجامدانی هێرشی فرۆکەوانی لەو ناوچەیە نەکردووە.

تورکیا بەردەوام هێرشی جۆراو جۆر دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبووی گەریلاکانی پەکەکە. بە پێی ئاماری ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی هێرشی تورکیاوە 5 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و یەکێکیش بریندار بووە. هەر لە چوار مانگی ئەمساڵیشدا تورکیا 458 هێرش و ئێرانیش 15 هێرشی بۆ سەر خاکی هەرێم ئەنجامداوە.

قائیمقامی ماوەت لە بارەی هۆکاری کوشتنی گەنجەکەی ماوەت دەڵێت، "ئەم خێزانە سڤیلن و کاسبی ماڵی خۆیانن و ماڵێکی ناسراون کە باوکیان بە محمد پیرۆز بەناوبانگە و خەریکی کار و کەسابەتن."

وتیشی، "هیچ بارەگایەکی ئەو هێزە چەکدارانە لەماڵی محەمەد نزیک نەبوون، شاخی ئاسۆس پەکەکەی لێیە بەڵام دوورن، دواتر پەکەکە ئەم بارەگایەنە بەکار ناهێنن بەڵکو لە ژێر ئەرزدان. هیوادارم ڕێکخراوەکان بێنە سەر خەت بۆ بەرگریکردن لەم خوێنە بە ناحەق ڕژاوانە."

XS
SM
MD
LG