Accessibility links

هاوسەرۆکی پارتی دەم: دەنگدەرە کوردەکان لە ئەستەنبوڵ بە شێوەیەکی ستراتیژی دەنگی خۆیان داوە


تولای هاتیمۆگولاری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (پارتی دەم) ڕایگەیاند، دەنگدەرانی کورد لە ئەستەنبوڵ دەنگەکانیان بە شێوەیەکی ستراتیژی بەکارهێناوە.

هاتیمۆگولاری لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی ئاڕتی کە ڕۆژی سێشەممە بڵاو کراوەتەوە دەشڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی سێ دەریدەخەن، دەنگدەرەکانیان لە ئەستەنبوڵ هەڵوێستێکی مانادار و گرنگیان لە دژی پارتی داد و گەشەپێدان نیشانداوە.

دەشڵێت " لەچاو هەڵبژاردنە گشتیەکەوە پارتی دەم لە ئەستەنبوڵ دەنگی کەمتری بەدەستهێناوە، بەڵام هۆکاری ئەمە پەسەند نەکردنی پارەتەکەمان نییە.دەنگدەرانی پارتی دەم لە ئەستەنبوڵ ئاکەپەیان ڕەتکردەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاکەپە لە سەر حیسابی دژایەتی کردنی کورد هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبرد و دەنگدەرانی کورد بە ڕێگای ئاشتیانە و دیموکراسی وەڵامیان دایەوە.

هاتیمۆگولاری ڕایگەیاند کە ئەنجامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 31ی سێ دەریدەخەن کە کۆمەڵگاکە دەیەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

ئاکەپە لە هەڵبژاردنە خۆجێهییەکاندا پلەی دووهەمی بەدەستهێنا چاودێران دەڵێن هەڵبژاردنەکانی 31ی سێ خراپترین شکستی ئەردۆغان بوون لەو کاتەوە کە لە ساڵی 2002 وە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.

پارتی جەهەپە لە کۆی 81 پارێزگادا لە 35 پارێزگادا سەرکەوتوو بوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) تەنها لە 24 پارێزگادا سەرکەوتووە و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) کە نوێنەرایەتی کوردەکانی تورکیا دەکات 10 پارێزگای بردووەتەوە و پارتی ئیسلامی یەنیدین ڕەفەح لە دوو پارێزگادا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە. پارتە ئیسلامییەکە نوێیە لەسەر شانۆی سیاسیی تورکیا و یارمەتیدەر بوو لە کەمکردنەوەی پشتیوانییەکان لە ئاکپارتی.

زۆرێک هۆکاری شکستی پارتەکەی ئەردۆغانییان گەڕاندەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسانی ئابووری بۆ لە سەدا 67 و دابەزینی بەرچاویی نرخی لیرەی تورکی.

ئاکەپە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی 2019 دا زیاتر %44ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

سەرچاوە: ئارتی گێرچەک، دەنگی ئەمەرکا

XS
SM
MD
LG