Accessibility links

دەنگەکانی شاری خەلفەتی کە پارتی دەم سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنابوو، هەڵدەوەشێندرێتەوە


ئەمڕۆ هەینی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ڕحا لە تورکیا بڕیاریدا دووبارە هەڵبژاردن لە شاری خەلفەتی بەڕێوەبچێت. کۆمسیۆن بڕیارەکەی لەسەر تانەیەکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) داوە.

لە هەڵبژاردنی 31ی سێدا پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (پارتی دەم) سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. بە جیاوازی 906 دەنگ مەهمەت قارایلانی بەربژێری پارتەکە لە شەرەف ئەلبایراکی کاندیدەکەی ئاکەپەی بردەوە.

عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری پارتی دەم لە ڕحا دوای بڕیارەکە ڕایگەیاند ئەو کارە ڕەتکردنەوەی ئیرادەی گەلە.

گوتیشی "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی خەلفەتی تانەکەی ئاکەپەی ڕەتکردەوە، بەڵام لە ڕحا بەشێوەیەکی دەستکاریکراو هەڵبژاردنەکەی هەڵوەشاندەوە، هەروەک چۆن لە کورنێ ڕەش (هیلڤان) کردی، لەوێش هەڵبژاردنەکانی پووچەڵکردەوە. ئێمە دەمانەوێت خەبات گەورەتر بکەین. ئاکەپە لە سێوڕێگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەسەر تانەکەی YRP جارێکی دیکە دەنگەکان هەژمارکرانەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکە هەڵنەوەشایەوە. بۆچی لە خەلفەتی کە پارتی دەم سەرکەوتووە و ئاپەکە دۆڕاوە دەبێت جارێکی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە؟"

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ڕحا لە شارۆچکەی هیلڤانیش هەڵبژاردنەکەی هەڵوەشاندبووەوە کە بەهەمان شێوە دەم پارتی تیایدا زۆرینە بووە.

سەرچاوە: ئاژانسی میزۆپۆتامیا

XS
SM
MD
LG