Accessibility links

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: بە سودانیمان گوت سەرۆک وەزیرانی هەرێم مامەڵە بە سیاسەتی حکومەتی هەرێمەوە دەکات بۆیە کێشەکان گەشتونەتە بەستەڵەک


وەێنەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق
وەێنەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بەشداری سەردانی تیمی پەرلەمان و حکومەتی یەکیتی کردووە بۆ لای سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە شاندەکە بە محەمەد شيیاع سودانی وتووە شێوازی مامەڵەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی هۆکاربووە بۆ چەقبەستنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی نشتیمانی کوردستان بۆیە لەم دۆخەدا لە نێوان کێشەکانی هەرێم و ناوەند دێتە پێشەوە، سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکی حکومەت مامەڵەی پێوەدەکات؛ ئەم وێنەیەمان ڕوونکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی توشی دۆخێکی ناهەموارکردووە. داوامانکرد سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆڵی خۆی ببینێت کە وەزیری دارایی عێراق نەرمی لەو چوارچێوەیەدا بنوێنێت."

وتیشی، "سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەوەش وەهایکردوە، دۆخی پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند ئاڵۆزی بە خۆیەوە بینیوە."

شەوی یەکشەممە، 24ی مانگی سێی2024، وەفدێکی یەکیتی کە پێکهاتبوون لە تیمی پەرلەمان و حکومەت لە عێراق، لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شییاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و پرسی پەیوەندیەکانی هەرێم و ناوەند و مووچە وهەڵبژاردن و ژمارەیەک دۆسیەی دارایی و ئیداریان تاوتوێ کرد.

یەکێکی تر لە پرسەکات تایبەت بوو بە پۆستی پارێزگاری کەرکوک و یەکێتی داوایکردووە ڕاکان جبوری، پارێزگاری ئێستای کەرکوک، دوربخرێتەوە.

کێشەکانی حکومەتی هەرێم و عێراق

ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدڕاڵی عێراق دوو سکاڵای یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم یەکلاییکردنەوە. دادگای فیدڕاڵی شێوازی هەڵبژاردنی هەرێمی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گۆڕی و 11 کورسی کۆتای کەمکردەوە بەوەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە کرد بە 100 کورسی.

ئەم بڕیارە پەیوەندیەکانی نێوان یەکیتی و پارتی ئاڵۆزکرد و پارتی لە دوایین هەڵوێستیدا دەڵێت بەم شێوەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی هەرێم ناکات کە بڕیارە لە 10ی مانگی شەش ئەنجامبدرێت.

غەریب ئەحمەد ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ سودانی " داوامانکرد سەرۆکوەزیران لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ڕۆڵی خۆی ببینێت کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، کە سەرۆکی هەرێم خۆی کاتی هەڵبژاردنی دیاری کردووە. نابێت هەڵبژاردن دوابخرێت. سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت."

لە22ی مانگی سێی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەربڕی، ئەوەش نیگەرانی پارتی و تیمی حکومی پارتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە.

لە دوای ڕاگەیەنراوەکەی بافڵ تاڵەبانی، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند، "پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت خۆفرۆشان لایان گرنگ نییە چەند مافی دەستوری کوردستان بەدەستەوە دەدەن."

لە دوای ڕاگەیەندراوەکەی پێشەوا هەورامانی، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و کە تێیدا هاتووە، "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کەسێکمان نییە و نەبووە وەکو وتەبێژ. لە بری تۆمەت بەخشینەوە باشتربوو هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەین."

ناردنی مموچە لە ڕێگەی سیستەمی بانیکەوە

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ ناردنی مووچە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی سیستەمی بانکی مەرکەزی بۆ هەرێم بەشێکی دیکە بووە لە گفتوگۆکانی نێوان وەفدی یەکیتی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە. تیمی یەکێتی دەڵێت سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە لە مانگی سێدا ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن.

چرۆ حەمەشەریف، ئەندامێکی تری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەی پێوتین کێشەی موچەی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ چارەسەرکراوە ولەم هەفتەیەدا دەنێرێت. پێمان وت مانگ لە هەرێمی کوردستان 60 ڕۆژە. ئەو ئاگاداری دۆخی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵێنیدا بۆ مانگی سێ ئەم کێشانە چارەسەربکرێن."

چرۆ حەمەشەریف وتیشی، " داوامانکرد لە ڕێگەی بانکەکانی حکومەتی عێراقەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، لەبەر ئەوەی ئەوان [حکومەتی عێراق] کار بە هەژماری من ناکەن و زۆربەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش هەژماری منیان نییە، ئەو نیگەران بوو لەوەی ئەو وەزارەتانەی کە مووچەیان بۆ هاتووە و دابەش نەکراوە."

دانانی پارێزگاری کەرکوک

ڕێکنەکەوتی لایەنە سیاسیەکان لە کەرکوک و پرسی دانانی پارێزگاری کەرکوک لە نێوان عەرەب و کوردو تورکمان بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون. یەکێتی داوای کردوە ڕاکان جبوری، پارێزگاری ئێستای کەرکوک، دوربخرێتەوە و لەسەر بنەمای کورسی لایەنەکان پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلابکرێتەوە.

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داوامانکرد کۆتایی بە بیرکردنەوەی شۆڤێنی ڕاکان جبوری لە کەرکوک بهێنرێت. هیچ هۆکارێک بۆمانەوەی نەماوە، ئێستا ئەنجومەنی پارێزگا هەیە، پێویستە وەک هەموو پارێزگاکانی عێراق پارێزگار لە کەرکوک دابنرێت."

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەفدەکەی یەکیتی داوایانکردوە گەمارۆی تورکیا لەسەر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێت. ئەندامانی کۆبوونەوەکە دەڵێن سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە لەسەر ئەم کەیسە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆبکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:19 0:00

XS
SM
MD
LG