Accessibility links

جەبار یاوەر: عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە مووچە بدات و لە ژمارە و ناسنامەی هێزە ئاسایشییەکانی هەرێم بە گومانە


جەبار یاوەر
جەبار یاوەر

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە ژمارە و ناسنامەی کارمەندە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانێت و گومانی بۆ دروستکراوە کە هاووڵاتی ئێرانی و سوری و تورکی لە نێوە هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمدا هەبن.

جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێم هەفتەی ڕابردوو کۆدی دامودەزگا ئەمنییەکانی ناردووە و عێراق مووچەی نەناردووە؛ عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە مووچە بدات و دواتر پەنجەمۆرەکان لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرانە بەراورد بکات کە لە دامودەزگا عێراقییەکانی وەکو ڕەگەزنامە تۆمارکراون."

دەشڵێت، "عێراق لەسەر بنەمای هەندێک قسە کە پێیگەیشتووە گومانی هەیە گوایە دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم خەڵکانی ئێرانی و سوری و تورکی تێیاندا هەبێت و بەدوای ئەمەدا دەگەڕێت."

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا بڕی زیاتر لە 600 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە کردووە بەڵام حکومەتی هەرێم بە بیانووی نەناردنی مووچەی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی لەلایەن عێراقەوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە خەرج نەکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق داوای ناو و زانیاری هێزە ئەمننیەکانی هەرێم دەکات بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم "لەبەر هۆکاری ئەمنی" ئەم داوایەیان ڕەتکردۆتەوە و دەڵێن تەنانەت دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراقیش ناوی کارمەندانیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق ناکەن بۆ وەرگرتنی مووچە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کۆدی بایۆمەتری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و دەزگا سەربازییەکانمان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، کۆدەکە پلە و مووچە و بڕوانامە و هەموو زانیارییەکی تێدایە جگە لە ناو."

سەرچاوەکە وتیشی، "حکومەتی عێراق داوای ناوی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی کرد و هەرێمیش ڕەتیکردەوە، وەکو چارەسەرێکی ناوەندی لەسەر کۆد ڕێککەوتین."

لەسەر ئەم پرسە جەبار یاوەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێم دەڵێت بۆچی وەزارەتی دارایی عێراق بە کۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکات، کەچی داوای ناوی چواری کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم دەکات؟"

دەشڵێت، "کارمەندانی دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراق ناوی تەواو و دۆسیەی تایبەتیان لە دامودەزگاکانی خۆیان هەیە، بەڵام بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بەکۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن."

سەبارەت بەوەی تا چەند عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی کۆدەوە ناسنامەی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئاشکرا بکات، جەبار یاوەر وتی، "من جەبار یاوەرم و پلەکەم فەریقە لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە بری ناوەکەم لە کۆد نەمبەردا ژمارە 4891 دەڕوات بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام زانیاری لەبارەی پلە و بڕی مووچە و هەموو ئەوانە لەگەڵ کۆد نەمبەرەکەدا دەنێردرێت."

چارەنووسی هەژماری من

ڕۆژی 26ی مانگی دووی 2024، لیژنەی دارایی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی کرد. بەپێی وتەی ئەندامانی لیژنەکە، وەزیری دارایی لەکۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند تەنها مووچەی مانگی دوو بە پێی لیستی مووچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەنێردرێت پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێکی هەرێم هەژماری تایبەت بە خۆی لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەکەی پێبدرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی حکومەتی عێراق لە ڕێگەی "هەژماری من" کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دانراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بکات، لەکاتێکدا عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە مووچەی مووچەخۆران بدات.

ڕەنگە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتووی مووچەخۆرانی هەرێم جارێکی تر گرفت لە نێوان هەرێم و بەغدا سەرهەڵبداتەوە، بەو پێیەی دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە ناسنامەی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ عێراق ئاشکرا دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:33 0:00
XS
SM
MD
LG