بەپرسانى ئەمنى لە پارێزگاى سەڵاحەدین ، ئاماژە بەوە دەکەن هێزێکى زۆرى ئێرانى رۆیشتوونەتە پارێزگاکەیان بۆ شەڕکردن لە دژى داعش، دەڵێن" قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودس و هادى عامرى و حەیدەر عەبادى سەرپەرشتى شەڕەکە دەکەن."
موقەدەم فاروق محەمەد بەڕێوەبەرى ئاسایشى خورماتوو لە پارێزگاى سەڵاحەدین ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزێکى زۆرى ئێرانى بەشدارن لە شەڕەکەى پارێزگاى سەڵاحەدیندا دهکهن لە دژى داعش و فڕۆکە بێ فرۆکەوانە ئێرانیەکانیش بە ئاسماندا دەسوڕێنەوە."
ناوبراو دەڵێت"هێزێکى ئێرانى بە ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە و بە دواى فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانیاندا گەڕاون، کە لە کاتى وێنەگرتنى چەکدارەکانى داعشدا کەوتبووە خوارەوە."
بەشداریکردنى فەرماندە سەربازیە ئێرانیەکان لە شەڕى تکریت ، لە کاتێکدایە مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق فەتواى جیهادکردنى لە دژى چەکدارەکانى داعش دەرکردووە.
پلەدارێکى باڵاى پۆلیس لە پارێزگاى سەڵاحەدین، دەڵێت"فەرماندە سەربازیە ئێرانیەکان چەکى قورسیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و لە شارى تکریت لە دژى داعش بەکارى دەهێنن."
هاوکات شاخەوان کەرکوکى ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەشداریکردنى خەڵکى ئێرانى لە شەڕى عێراق لەسەر فەتواى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراقە."
ناوبراو دەڵێت"شیعەکان دەیانەوێت تۆڵەى رووداوەکەى سەربازگەى سپایکەر لە عەشیرەتەکانى ئەلبوناسر و ئەلبوعەجیل بکەنەوە کە دوو عەشیرەتى سونە مەزهەبى تکریتن."
بەشداریکردنى فەرماندە و سەربازە ئێرانیەکان لە شەڕى داعش ، لە کاتێکدایە سوپاى عێراق هەڵوەشاوەتەوە و حکومەتى عێراقیش بۆ شەڕى داعش پشتى بە حەشدى شەعبى بەستووە.