Accessibility links

زێلێنسکی داوای سیستمی پاتریۆت و ئەندامێتی لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا دەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی جارێکی دیکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پەلە بکەن لە گەیاندنی سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتردا و هەروەها داوای گفتوگۆیەکی فەڕمی کرد بۆ پەیوەندیکردنی وڵاتەکەی بە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆوە.

هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپ بوونەتەوە و چاوەڕی گەیشتنی چەکەکانی ئەمەریکا دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە 23 ی مانگی چواردا کۆنگرێسی ئەمەریکا پاکێجێکی یارمەتی سەربازیی بە بڕی 61 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد. ئەوەش دوای چەندین مانگ لە دواخستنی. زێلێنسکی چەندین جار داوای سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتری کردووە، بە تایبەتی سیستمی پاتریۆت.

زێلێنسکی وتی لەگەڵ ڕابەری کەمینە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هاکیم جێفریسدا قسەی کردووە و سوپاسی کۆنگرێسی کردووە لەسەر پەسەندکردنی پاکێجی یارمەتییەکە، بەڵام ئاماژەشی بەوەداوە کە ئۆکرانیا لەگەڵ سەرجەم هاوبەشەکانیدا کاردەکات بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بە خێرایی، ئەوەش لە پێناو ئەوەدا کە ئۆکرانیا بتوانێت پێگەکانی بپارێزێت و پلانە جەنگییەکانی ڕووسیا تێکبدات.

زێلێنسکی وتی " ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئەو کەلوپەلانەین کە بەڵێنمان پێدراوە. پێشبینی ئەو قەبارە و فراوانییە دەکەین کە دەتوانن لە بەرژەوەندی ئۆکرانیا دۆخی سەر گۆڕەپانی جەنگەکە بگۆڕن."

وتیشی " لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ بەڕێز جێفریس، تیشکم خستەسەر ئەوەی کە سیستمەکانی پاتریۆت پێویستن، بە زووترین کاتیش."

سەبارەت بە ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپاشدا، زێلێنسکی وتی ئۆکرانیا سەرجەم ئەو مەرجانەی تێدایە بۆ گفتوگۆکان لەو بارەیەوە دەستپێبکەن، " ئێستاش یەکێتی ئەوروپا دەبێت پابەندی بەرپرسیارێتییەکانی بێت."

ئۆکرانیا کە پشتیوانییەکی بەهێزی لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە لێکراوە لە ماوەی جەنگەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، کاندیدە بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەوروپاوە، بەڵام پڕۆسەکە چەندین ساڵ دەخایەنێت.

سەبارەت بە پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانێتی ناتۆشەوە، کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە 4 ی مانگی چواردا وتی دواجار ئۆکرانیا دەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا، زێلێنسکی وتی سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە هەمان بەهایان هەیە و ئامادەن بەرگری لەو بەهایانە بکەن، " شایستەی ئەوەن بانگهێشت بکرێن بۆ هاوپەیمانێتییەکە."

هەروەها گەشبین بوو سەبارەت بە ئاشتی، ئاماژەی بە لوتکەیەکی ئاشتیدا کە بڕیارە لە 15-16 ی مانگی شەشدا لە سویسرا بەڕێوەبچێت. ڕووسیا بانگهێشت نەکراوە بۆ کۆبوونەوەکە و هەموو کۆبوونەوەیەکی لەوشێوەیەی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت بەبێ بەشداریی مۆسکۆ بێ مانان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG