Accessibility links

دایکانی منداڵ برسی لە غەززە دەڵێن ڕۆژی ژنان لە غەززە بوونی نییە


لە ژێر دەوارێکدا لە ڕەفەحی باشووری غەززە، دایکی زەکی دەڵێت خواردنێکی کەم لەسەر ئاگرێکی کراوە گەرم دەکاتەوە بۆ ئەوەی بیدات بە شەش منداڵە برسییەکەی، ئەو دەشڵێت " ڕۆژی ژنان چییە؟"

دایکی زەکی لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونەوە بە ڕۆیتەرزی وت " ئێستا ئێمە هەموو ڕۆژەکانمان وەکو یەکە. ڕۆژانی جەژن، بۆنە خۆشەکان، خواردنی خۆش، پێکەنین و هیوا هەموو ئەمانە بەهۆی جەنگەوە نەمان. ڕۆژی ژنان چییە؟ ئێمە سەرجەم مافەکانمان لێسەندراوەتەوە، ژیانمان لێسەندراوەتەوە. هەموو ڕۆژێک ژنان بە بۆردمانی ئیسڕائیل دەکوژرێن."

ڕۆژی جیهانی ژنان، هەشتی مانگی سێ، عادەتەن پشوویەکی گەورەیە لە سەرانسەری ناوچە فەلەستینییەکاندا، لەو ڕۆژەدا خێزانەکان لە غەززە جوانترین پۆشاکییان دەپۆشن و دەچنە هۆتێل و ڕێستۆرانتەکان بۆ ئاهەنگگێڕان بۆ دایک و کچ و خوشکەکانییان.

ئێستا، دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی غەززە بە نزیکەیی سەرجەمییان بێ ماڵ و حاڵن و کۆشش دەکەن بۆ ڕزگاربوونییان، لە ڕاستیدا تەنانەت بیرکردنەوە لە جۆرە شتانەش بە ئازار بووە.

دایکی زەکی پێشتر ڕۆژانە میکیاجی کردووە، ئێستا ڕووخساری بە دووکەڵ و سووتووی ئەو ئاگرەی کە خۆراکی لەسەر ئامادە دەکات داپۆشراوە. وتیشی جلوبەرگە تەڕەکانی لە دەرەوە هەڵدەخات و هەموو کەس دەتوانێت بیانبینێت. ژنێکی دیکە لە تەلەفونەکەدا دەستیکرد بە گریان و وتی " ڕۆژی ژنان ! ڕۆژی ژنان لە غەززە بوونی نیە. ئێمە لە غەززە بەهۆی ئیسڕائیلەوە لە ڕۆژی دوایی نزیک بووینەتەوە!"

وەزارەتی تەندروستی غەززە لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ڕۆژی ژنانەوە وتی 60,000 ژنی دووگیان لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی بەدخۆراکی و وشکبوونەوە بوونەتەوە.

وتی " مانگانە لە نێوەندی هەلومەرجێکی سەخت و ناپارێزراو و ناتەندروستدا کە بەهۆی بۆردومانەکان و ئاوارەبوونەکانەوە دروست بووە، پێنج هەزار ژنی دووگیان منداڵییان دەبێت."

بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن لە کۆی ئەو 30,878 کەسەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەززە کوژراون نزیکەی 9000 کەسییان ژن بوون، 13,000 منداڵیش لە هەردوو ڕەگەز کوژراون. هەزاران کەسی دیکەش باوەڕوایە لە ژێر داروپەردبووەکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی سەبارەت بە داتاکانی وەزارەتی تەندوستی غەززە وتی واتە ڕۆژانە 63 ژن لە غەززە دەکوژرێن، 37 ژنییان دایکن.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ کەمکردنەوەی زیان گەیشتن بە هاووڵاتییانی سڤیل، هەروەها حەماس تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی بەکارهێنانی هاووڵاتییانی سڤیل وەکو قەڵغانی مرۆیی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG