سه‌رۆک تڕا‌مپ دوێنێ شه‌و بۆ یه‌که‌م جار وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا له کۆنگرێسی ئه‌م وڵاته ئاماده بوو و سه‌باره‌ت به بیر‌و بۆچوونی خۆی به‌رامبه‌ر به بابه‌ته‌کانی په‌یوه‌ندیدار به سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌کی ئه‌مه‌ریکا و به‌رنامه‌کانی له ئه‌و باره‌یه‌وه قسه‌ی کرد.
سه‌رۆک تڕا‌مپ له گه‌ڵ ئاماژه‌دان به کێشه‌ی کۆچبه‌ره نایاساییه‌کان له ئه‌مه‌ریکا جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ به‌رنامه‌ی درووست‌کردنی دیوارێکی به‌رز له سه‌رسنووری مه‌کزیک و ئه‌مه‌ریکا.
ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی به‌شێکی تایبه‌ت له وه‌زاره‌تی ئاسایشی نیشتمانی ده‌کرێته‌وه تا گوێ ڕابگرێت بۆ سکاڵای ئه‌و ئه‌مه‌ریکایانه که له ئه‌و تاوانانه‌ی کۆچبه‌رانی نایاسایی به‌شداریان تێدابووه زیانیان دیوه.
سه‌رۆک تڕا‌مپ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به به‌رنامه‌ی خۆی بۆ زیادکردنی بودجه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری و هێزی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکا و جیدی بوونی له شه‌ڕ دژی داعش بۆ له ناوبردنی ئه‌و گرووپه.
له‌هه‌مان کاتیش‌دا، داوای له هاوپه‌یمانانی له ناتۆ کرد که زیاتر به‌رپرسیار بن بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه. تڕا‌مپ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به مه‌سه‌له‌ی ئێران و بیمه‌ی ته‌ندروستی ئۆباما و بابه‌تی په‌روه‌رده.
له به‌رنامه‌ی ڕوانگه‌ی ئه‌م حه‌وتووه‌دا، میوانداری به‌ڕێزان دوکتور ئازاد مواردیان، لێکوله‌ری سیاسی دانیشووی کالیفۆرنیا و عه‌مار گوڵی، رۆژنامه‌نووس له ناوه‌ندی نۆچه و شرۆڤه‌ی ڕۆژ له ئا‌ڵمانیا ده‌که‌ین.