Accessibility links

سەرۆک ترامپ هەفتەی داهاتوو لە فلۆریدا چاوی بە سەرۆکی چین دەکەوێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جین پینگ هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی خۆیان ئەنجامدەدەن و باس لە ناکۆکیەکانیان دەکەن سەبارەت بە بازرگانی چینی و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پڕۆگرامی چەکی کۆریای باکوور.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ میوانداری شی دەکات لە مار ئی لاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا و باس لە بابەتە جیهانی و هەرێمییەکان و هەروەها باس لەو بابەتانەش دەکەن کە هاوبەشن لەنێوان هەردوولادا.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە دەڵێت ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو سەرۆک ترامپ و خێزانەکەی میلانیا ترامپ ئێوارەخوانێک سازدەکەن بۆ سەرۆکی چین و خێزانەکەی.

لەلای خۆشییەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لو کانگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر پڕۆگرامی کۆبوونەوەکەی نێوان دوو سەرۆکەکە بەڵام باسی لە گرنگی و پێویستی بینینی وێنە گەورەکە کرد لەم کاتەدا کە باس لە باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەکرێت.

شایەنی باسە ئەم کۆبوونەوەیە دوای چەند کۆبوونەوەیەکی یەک لەدوای یەکی نێوان کاربەدەستانی چین و ئەمەریکا دێت لەم ماوەیەی ڕابردوودا و ئامانجی کۆبوونەوەکانیش ئەوە بووە کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە چاکبکەن دوای ئەو ڕەخنە بەهێزەی سەرۆک ترامپ گرتی لە چین لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

هەروەها ڕێکس تیلەرسنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم مانگەدا کۆتایی هێنا بە گەشتەکەی بۆ پەکین و هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن سەبارەت بە بابەتی کۆریای باکوور و دڵنیایی کردنەوەی چین لەوەی کە سەرۆک ترامپ دەیەوێت تێگەیشتنەکان لەگەڵ چیندا زیاتر بکات.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG