Accessibility links

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت داعش هێشتا هەڕەشەیە لە عێراق


باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەلینا ڕۆمانۆوسکی
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەلینا ڕۆمانۆوسکی

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەلینا ڕۆمانۆوسکی لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی ڕێکخراوی داعش هێشتا هەڕەشەیەکە لە عێراقدا و کارەکانی هاوپەیمانی سەربازیی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق بۆ شکستهێنانی تەواوەتی بە داعش هێشتا تەواو نەبووە.

بەرپرسانی باڵای عێراق بە سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانیشەوە چەندین جار گوتوویانە داعش چیتر هەڕەشە نیە لە عێراقدا و هاوپەیمانێتییەکە چیتر پێویست نیە، تەنانەت لە کاتێکدا کە لقەکانی سەر بە داعش هێشتا بەردەوامن لە هێرشەکانییان لە شوێنەکانی دیکەدا.

ڕۆمانۆوسکی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد وتی " بەپێی هەڵسەنگاندنی هەردوولامان هێشتا داعش لێرە هەڕەشەیە، بە شێوەیەکی بەرچاو هەڕەشەکانی کەمکراوەتەوە، بەڵام کارەکانمان هێشتا تەواو نەبووە و دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی هێزەکانی عێراق دەتوانن بەردەوامی بدەن بە شکستی داعش."

لێدوانەکانی ڕۆمانۆوسکی دوای هێرشەکەی ڕێکخراوی داعشی خۆراسانی ئەفغانستان هات بۆ سەر کۆنسێرتێک لە مۆسکۆ کە لە ئەنجامدا 137 کەس کوژران.

ڕۆمانۆوسکی لە چاوپێککەوتنەکەدا وتی " ئەمەی ئەم ڕووداوە بیرمان دەهێنێتەوە ئەوەیە کە داعش دوژمنێکی تیرۆریستی هاوبەشە کە دەبێت لە هەموو شوێنێک شکستی پێبهێندرێت."

وتی " لەبەر ئەوەیە ئەمەریکا و عێراق پابەندن بە دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیدان بە شکستی داعش، لە ڕێی کارکردنیشەوە پێکەوە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی بەهێز بۆ هاوبەشییە ئاسایشییە دوولایەنەکەی نێوان ئەمەریکا و عێراق."

هەفتەی ڕابردوو لانیکەم سێ کەس لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا کوژران کە لەلایەن داعشی خۆراسانەوە لە ئەفغانستان ئەنجامدرا، لە مانگی یەکیشدا داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی دوو تەقینەوەکەی ناو ئێرانی ڕاگەیاند.

بڕیارە سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی لە 15 ی مانگی چواردا لە واشنتن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆببێتەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی داهاتووی هاوپەیمانێتییە سەربازییەکەیە لە عێراقدا و هەروەها چاکسازییە داراییەکانی عێراق و هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە گاز و کارەبای ئێران. عێراق هاوپەیمانێکی دەگمەنی ئەمەریکا و ئێرانیشە.

ڕۆمانۆوسکی وتی " کەمکردنەوەی کاری هاوپەیمانێتییەکە کاتی دەوێت." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق کە لە مانگی یەکدا دەستییان پێکرد.

وتیشی " لە ڕابردوودا زۆر بەخێرایی ڕۆیشتین تەنها بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، لەبەرئەوە ئەم جارە پێم وایە دەبێت بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەمە بکەین."

وتیشی کۆتایی ئەرکەکەی هاوپەیمانان پەیوەستە بە تواناکانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق و ژینگەی کارکردن و ئەو مەترسییانەوە کە داعش دروستییان دەکات.

ڕۆمانۆوسکی وتی جگە لە ئاسایش، ئەمەریکا لە عێراقدا سەنگیشی خستووەتە سەر ئەوەی پشبەستنی عێراق بە وزەی ئێران کەم بکاتەوە و کەرتی بانکی وڵاتەکە بەرەو ستانداردە جیهانییەکان ببات.

وتیشی " زۆرێک لە عێراقییەکان لە ڕاستیدا متمانە بە سیستمی بانکی ئێرە ناکەن و هۆکاری باشیشییان هەیە بۆ ئەوەی متمانەیان پێنەکەن."

دامەزراوە داراییەکانی عێراق کەوتوونەتە ژێر وردبینییەکی نزیکی ئەمەریکاوە، ئەوەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ڕۆیشتنی داهاتەکان بۆ ئێران و ئەو گروپانەی کە سزاکانی ئەمەریکا پێشێل دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG