Accessibility links

ئەمەریکا ڕۆژێک پێش ساڵیادی ژینا سزا بەسەر چەند بەرپرس و کۆمپانیای ئێراندا دەسەپێنێت


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت ئەمڕۆ ئۆفیسی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا 29 کەس و لایەنی دەستنیشان کردووە کە پەیوەندییان بە سەرکوتکارییە توندوتیژەکەی ڕژێمی ئێرانەوە هەیە دژی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی وڵاتەکە دوای مەرگی مەهسا ' ژینا ' ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا، هەروەها پەیوەندییان بە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕژێمەکەوە هەیە بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان و کۆتوبەند خستنەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتێکی ئازاد و کراوەدا.

وتیشی ئۆفیسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر 18 ئەندامی سەرەکی هێزەکانی ئاسایشی ڕژێمەکە و سوپای پاسداران و پۆلیسدا، هەروەها سزاکان سێ دەزگای هەواڵی ئێرانیش دەگرێتەوە، دەزگای هەواڵی فارس و تەسنیم و پرێس تیڤی، لەگەڵ سێ بەرپرسی باڵای دیکەدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ هاوبەشەکانی وەکو بەڕیتانیا و کەنەدا و ئوستڕاڵیا و ئەو هاوبەشانەی دیکەش کە سزا دەسەپێنن بەسەر ئەو کەسانەدا کە باوەڕ وایە بەشداربووبێتن لە سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێراندا.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خەزێنەی تیرۆر و هەواڵگری دارایی، بڕایان نیڵسن، وتی " لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی یەکەمی مەرگە بێ بەزەیی و کارەساتەکەی مەهسا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا، تیشک دەخەینەوە سەر ئەوەی کە جووڵانەوەکەی پیاوان و ژنان لە سەرانسەری ئێراندا، بە سەرجەم چین و باوەڕەکانەوە، ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی ترسناک و گرتنی بە کۆمەڵ و پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت بووەوە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە."

وتیشی " ئەمەریکا شان بە شانی بەڕیتانیا و کەنەدا و ئوستڕاڵیا و هاوپەیمان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری کاری بە کۆمەڵ دژی ئەوانەی کە مافی مرۆڤی ئێرانییەکان " سەرکوت دەکەن.

ئەمە 13 هەمین جارە ئۆفیسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو بەرپرس و لایەنە ئێرانییانەدا کە دەستییان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا کە لە مانگی نۆی ساڵی 2022 دا سەریانهەڵدا.

لە ئێستادا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزای قەدەغەکردنی ڤیزای بۆ 13 بەرپرس و کەسی ئێرانیدا سەپاندووە بەهۆی ئەوەی دەستییان هەبووە لە گرتن یاخود کوشتنی خۆپیشاندەران یاخود پێشێلکردنی مافەکانییان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە.

XS
SM
MD
LG