Accessibility links

ئەو ویلایەتانەی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان بەڕێوەی دەبەن پەلە دەکەن لە توندکردنەوەی یاساکانی کۆچبەریدا


ئەو ویلایەتانەی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان بەڕێوەیان دەبەن پەلە دەکەن لە پێدانی دەسەڵاتە جێبەجێکارەکان بە پۆلیسی ناوخۆ و سەپاندنی سزای تاوان بەسەر ئەو کەسانەدا کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتەکەدا دەژین، لە کاتێکدا کە پرسی ئەو کۆچبەرانەی کە سنووری ئەمەریکا دەبەزێنن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 دا وەکو پرسێکی گرنگ ماوەتەوە.

ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتی ئۆکلاهۆما لەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاسایەکی بە خێرایی پێشنیار کرد بۆ فەرمانڕەوای ویلایەتەکە کە تاوانێکی نوێ بە ناوی " داگیرکردنی ڕێگەپێنەدراو " دروست دەکات، کە سزای لانیکەم دوو ساڵ زیندانیکردن بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنێت کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ویلایەتەکەدا بێت.

ئۆکلاهۆما یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە لەلایەن کۆمارییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن و هەوڵ دەدەن یاساکانی کۆچ توندتر بکەنەوە، لە کاتێکدا کە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر ئەو پرسە چەقییان بەستووە. ئەمەش لە مانگی دوودا ڕەنگی دایەوە کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە هەمان ڕۆژدا سەردانی سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیکییان کرد و لە دوورەوە لۆمەی یەکترییان کرد لەسەر سیستمی ناتەواویی کۆچی وڵاتەکە و چۆنێتی چاککردنەوەی.

لە ویلایەتی تێکساس چی ڕوودەدات؟

یاسادانەران لە ئۆکلاهۆما شوێنپێی ویلایەتی تێکساسییان گرتەبەر، ساڵی ڕابردوو فەرمانڕەوای ویلایەتی تێکساس گرێگ ئابوت پڕۆژە یاسایەکی واژۆ کرد کە ڕێگە بە ویلایەتەکە دەدات ئەو کەسانە دەستگیر بکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی دێنە ئەمەریکاوە، هەروەها دەسەڵاتی ئەوەشییان دەداتێ ئەو کەسانە ڕەوانەی وڵاتی خۆیان بکەنەوە. ئەو یاسایە لە ئێستادا هەڵپەسێندراوە لە کاتێکدا کە دادگای تانەدانی پێنجی ئەمەریکا تاوتوێی تانەیەکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەکات دژی یاساکەی ویلایەتی تێکساس.

پڕۆژە یاساکەی ئۆکلاهۆما چی دەکات؟

پڕۆژە یاساکەی ئۆکلاهۆما وادەکات مانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە ویلایەتەکەدا نایاسایی بێت، هەر کەسێکیش سەرپێچی یاساکە بکات سزای ساڵێک زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت. سەرپێچیکاران داوایان لێدەکرێت لە ماوەی 72 کاتژمێردا دوای ئەوەی ئازاد دەکرێن وڵاتەکە جێبهێڵن.

گرێگ تریتی سیناتۆر لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە یاساکەی بردە بەردەم ئەنجومەنی سینات و نائومێدی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە حکومەتی فیدڕاڵ و کۆنگرێس هەنگاوی یەکلاکەرەوەیان نەناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچ.

تریت کە کۆمارییەکی شاری ئۆکلاهۆمایە، وتی " حکومەتی فیدڕاڵ شکستی هێناوە، کۆنگرێسی ئەمەریکاش هیچ شتێکی نەکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی. کەواتە دەتوانین چی بکەین؟ دەتوانین بڵێین کە تۆ دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی لێرە بیت لە ئۆکلاهۆما."

لە دەرەوەی بینای کۆنگرێس، ڕۆژی سێشەممە زیاتر لە 100 کەس گردبوونەوە و ناڕەزاییان دژی پڕۆژە یاساکە دەربڕی.

سام وارگین گریمالدۆی تەمەن 36 ساڵ کە پارێزەرێکە لە باشووری شاری ئۆکلاهۆما و دایکی لە ساڵی 1979 دا کۆچی کردووە بۆ ئەمەریکا، داوای لە خەڵکەکە کرد لە ڕووی سیاسییەوە زیاتر بەشدار بن.

وتی زۆرێک لە لاتینۆکانی ئۆکلاهۆما ترساون لە یاسا نوێیەکە.

وتی " هەست دەکەین هێرشمان کراوەتە سەر. خەڵکەکە دەترسن لە ماڵەکانییان بێنە دەرەوە ئەگەر پڕۆژە یاسایەکی لەم شێوەیە پێشکەش بکرێت و دواتر پەسەند بکرێت."

ویلایەتەکانی دیکە چی دەکەن؟

فەرمانڕەوای ویلایەتی تێنێسی بیڵ لی پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کردووە کە دەسەڵات دەدات بە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش پەیوەندی بە کاربەدەستانی فیدڕاڵی کۆچ بکەن ئەگەر بۆیان دەربکەوێت خەڵک هەن بە نایاسایی لە وڵاتەکەدا دەژین، هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاو پشتگیری لە هاوکاریکردن لە ناسینەوە و دەستبەسەرکردن و ڕەوانەکردنەوەیان دەکات. ئەو پڕۆژە یاسایە لە 1 ی مانگی حەوتەوە کاری پێدەکرێت. پڕۆژە یاسایەکی دیکەی پێشنیارکراو ڕێگە بە سەپاندنی سزای زیندانیکردنی تا هەتایی دەدات بەسەر هەر کەسێکدا کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتەکەدا بێت و تاوانێکی توندی ئەنجام دابێت.

لە ویلایەتی ئایەواش فەرمانڕەوای ویلایەتەکە کیم ڕینۆڵدز لەم مانگەدا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە بەشێکی هاوشێوەی یاساکەی تێکساسە. پڕۆژە یاسایەکی هاوشێوەی یاساکەی تێکساسیش لە ویلایەتی لویزیانا لە بەرەوپێشچووندایە. یاسادانەرانی ویلایەتی ئایداهۆش بیری لە گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی هاوشێوە کردووەتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی پەسەندی بکەن دوایان خستووە.

یاسادانەرانی ویلایەتی جۆرجیاش پڕۆژە یاسایەکییان پەسەند کرد کە زیندانیکراوەکان ناچار دەکات پشکنین بۆ پێگەی کۆچییان بکەن، ئەوەش وەکو بەشێک لە وەڵامە سیاسییەکە بۆ کوژرانی خوێندکارێکی پەرستار لە زانکۆی جۆرجیادا، کە گوایە لەلایەن پیاوێکی ڤەنزوێلاییەوە کوژراوە.

فەرمانڕەوای ویلایەتی فلۆریدا ڕۆن دیسانتێسیش مانگی ڕابردوو پڕۆژە یاسایەکی واژۆ کرد بۆ زیادکردنی سزاکانی زیندانیکردن بەسەر ئەو کۆچبەرانەدا کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەمەریکان و بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان تۆمەتبار کراون یاخود بەبێ مۆڵەت شۆفێری دەکەن.

دواتر چی ڕوودەدات؟

کێلی ستەمپی پارێزەری کۆچ لە شاری ئۆکلاهۆما و سەرۆکی هەڵبژێردراوی دەستەی پارێزەرانی کۆچی ئەمەریکایی، دەڵێت هاوشێوەی یاسا نوێیەکەی تێکساس، زۆربەی ئەو پڕۆژە یاسایانە ئەگەرێکی زۆری هەیە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی ببنەوە چونکە بەپێی دەستووری ئەمەریکا کۆچ پرسێکی فیدڕاڵییە نەک ویلایەتی.

وتی " هەموو ئەمە شێواوە و سیستمەکە شکاوە، بەڵام دەستوور دەڵێت ویلایەتەکان دەبێت مامەڵە لەگەڵ پرسی ویلایەتەکاندا بکەن و فیدڕاڵییەکانیش دەبێت مامەڵە لەگەڵ پرسە فیدڕاڵییەکاندا بکەن. من دڵنیام لەوەی ئەمە دواجار دەچێتەوە بەردەم دادگای باڵا."

XS
SM
MD
LG