Accessibility links

بێرنی ساندەرس: دەبێت هێلەری کلنتن ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا


سیناتۆر بێرنی ساندەرس کە ڕکابەری سەرەکی هێلەری کلنتن بوو لە پـێشبڕکێی دیموکراتەکان، دەڵێت خانم کلنتن جێی شانازیـیە و دەبێت ببێت بە سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

شەوی دووشەممە لە کۆنگرەی گشتی دیموکراتەکان لە شاری فلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا سیناتۆر ساندەرس کە لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی نێو دیموکراتەکان بە پلەی دووەم هات ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی وڵاتەکە پـێویستی بە ڕێبەرایەتیـیەکە کە خەڵکەکە پـێکەوە کۆبکاتەوە نەک سووکایەتی بکات بە لاتین و موسڵمان و ژن و ئەفریکایـیە ئەمەریکایـیەکان.

جەختی لەوە کرد کە هەڵبژاردنەکان بۆ دۆناڵد ترەمپ و هێلەری کلنتن یان بێرنی ساندەرس نیـیە، بەڵکو بۆ دابینکردنی پـێداویستیـیەکانی خەڵکی ئەمەریکایە و خواستی بۆ دوا ڕۆژێـکی باشتر بۆ منداڵ و نەوەکانیان.

پاشان سوپاسی سەرۆک ئۆباما و جۆ بایدنی جێگری کرد لە بەرامبەر ڕزگارکردنی وڵاتەکە لەو قەیرانە ئابوریـیەی لە ساڵی 2008 تێی کەوتبوو. هاوکات ڕەخنەی لە سیاسەتە ئابوریـیەکانی کۆماریـیەکان گرت و گوتی لە بەرژەوەندی تەنیا دەوڵەمەندەکانە.

باسی لەوەش کرد لەگەڵ هێلەری کلنتن بە بەرنووسی پـرۆژەیەکی هاوبەش گەیشتوون سەبارەت بە خوێندنی منداڵانی خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکان، ئەویش ئەو خێزانانەی داهاتی ساڵانەیان لە 125 هەزار دۆلار کەمتر بێت کە ئەمەش 83% ی خەڵکی وڵاتەکە دەگرێتەوە، بۆیان هەبێت بە خۆڕایی لە کۆلێژ و زانکۆ حکومیـیەکان خوێندن تەواو بکەن.

XS
SM
MD
LG