Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە دەنگ لەسەر " ئاگربەستێکی دەستبەجێ " دەدات لەسەر غەززە


ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە دەنگدانێک دەکاتەوە لەسەر پڕۆژە بڕیارێک کە تێیدا داوای " ئاگربەستێکی دەستبەجێ " کراوە لە غەززەدا.

ڕۆژی هەینی گۆڕانێک بیندرا لە هەڵوێستی ئەمەریکادا بەرامبەر ئیسڕائیلی هاوپەیمانی، کاتێک پڕۆژە بڕیارێکی پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە تێیدا داوای " ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بەردەوامی " کرد لە غەززەدا.

بەڵام پڕۆژەکە لەلایەن ڕووسیا و چینەوە دژایەتیکرا، وڵاتانی عەرەبیش ڕەخنەیان لێگرت لەسەر ئەوەی لە پڕۆژە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە داوابکرێت ئیسڕائیل هەڵمەتە سەربازییەکەی لە غەززە ڕابگرێت.

بەپێی سەرچاوە دیبلۆماتییەکان، پڕۆژە بڕیارەکە کاری ئەندامانی ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەو وڵاتانە پێشتر لەگەڵ ئەمەریکادا قسەیان کردووە تاوەکو واشنتن دژی پڕۆژەکە نەوەستێتەوە. دیبلۆماتکاران گەشبینی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە پشتیوانیکردنی پڕۆژە بڕیارەکە لەلایەن سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەکەوە.

دیبلۆماتکارێک بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " پێشبینی دەکەین پڕۆژە بڕیارەکە پەسەند بکرێت و ئەمەریکا دژی پڕۆژەکە نەوەستێتەوە."

ئەمەریکا پێشتر چەند جارێک پڕۆژە بڕیارەکانی ئەنجومەنەکەی سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە ڕەت کردووەتەوە، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانی لە ئیسڕائیل بکات و لە هەمان کاتیشدا نائومێدی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کوژراوان لە نێو هاووڵاتیانی سڤیلدا لە غەززە.

بە پێچەوانەی پڕۆژە بڕیارەکەی ڕۆژی هەینییەوە، پڕۆژە نوێیەکە پەیوەندی بە گفتوگۆکانی نێوەندگرانی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە نیە کە قەتەڕ ڕابەرایەتیان دەکات و ئەمەریکا و میسڕیش پستگیری لێدەکەن. مەبەست لە گفتوگۆکان وەستاندنی شەڕەکە و ئازادکردنی ئەو بارمتانەیە کە لەلایەن حەماسەوە گیراون.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وەکو ئاماژەیەک بۆ پڕۆژە بڕیارەکە وتی پڕۆژە بڕیارێک بەبێ ئەوەی تێیدا پشتیوانی تەواو بۆ گفتوگۆ دیبلۆماتییەکان دەرببڕێت، " ڕەنگە لە ڕاستیدا بیانوویەک بدات بە حەماس تاوەکو دووربکەوێتەوە لەو ڕێککەوتنەی کە لەسەر مێزەکە هەیە."

وتیشی پڕۆژە بڕیارە نوێیەکە سەرکۆنەی " سەرجەم هێرشەکان دەکات بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل و موڵکی سڤیل، هەروەها سەرکۆنەی سەرجەم توندوتیژییەکان دەکات دژی هاووڵاتییانی سڤیل، سەرکۆنەی سەرجەم کردەوە تیرۆریستییەکان دەکات."

ئیسڕائیل ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی پڕۆژە بڕیارەکانی پێشووی بە دیاریکراویی سەرکۆنەی حەماسییان نەکردووە.

لە دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دابەش بووە، تاوەکو ئێستا لە کۆی هەشت پرۆژە بڕیار تەنها دوو پڕۆژەی پەسەند کردووە، هەردوو پڕۆژەکە زیاتر سەنگییان لەسەر یارمەتییە مرۆییەکان بووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG