Accessibility links

بەڕیتانیا سزا دەخاتە سەر چوار کەس و دوو گرووپی ئیسڕائیلی لەسەر توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا


بەڕیتانیا ڕۆژی هەینی سزای بەسەر دوو گروپی " توندڕەو " و چوار کەسدا سەپاند لە ئیسڕائیل کە بەرپرسن لە توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا، ئەمەش لە نوێترین ڕێوشوێندا دژی نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکان.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا ڕایگەیاند ئەو دوو گروپەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە بریتین لە هیڵتۆپ یوث و لیهاڤا، دەوترێت ئەم دوو گروپە هانی توندوتیژییان داوە دژی کۆمەڵگە فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا و پشتیوانییان لەو توندوتیژییانە کردووە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا وتی ئەو چوار کەسەش کە سزا دراون بەرپرس بوون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی ئەم کۆمەڵگە فەلەستینییانە.

دووان لەو چوار کەسە بریتین لە نۆوام فیدەرمان و ئیلیشا یارید. فیدەرمان مەشقی بە گروپەکانی نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکان کردووە لە ئەنجامدانی توندوتیژییدا و یاریدیش هۆکاری ئایینی وەکو بیانوو بەکارهێناوە بۆ کوشتنی فەلەستینییەکان.

پێش دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەش، توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا لە زیادبووندا بوون.

بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە توندوتیژییەکان زیاتر بوون، ئەوەش بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسڕائیل و توندوتیژییەکانی نیشتەجێیەکان و هێرشەکانی فەلەستینییەکانەوە لەسەر شەقامەکان.

ئیسرائیل دوای هێرشێکی لەناکاوی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، هێرشی بەرپەرچدانەوەی خۆی لە غەززە دەستپێکرد و هێرشەکانی تاکو ئێستا بەردەوامە. چەکدارانی حەماس کە لایەن ئەمەریکاوە وەک گروپێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراوە، لە حەوتی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەسیان کوشت کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد کامیرۆن وتی نیشتەجێیە توندڕەوەکان ئاسایش و سەقامگیرییان خستووەتە مەترسییەوە و هەڕەشەیان دروست کردووە لەسەر ئەگەری کەوتنەوەی ئاشتی.

وتی " دەبێت بەرپرسانی ئیسڕائیل لێپێچینەوە لەو کەسانە بکەن کە بەرپرسن لەو کارانە. بەڕیتانیا دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە ئەگەر پێویست بکات، ئەوەش لە ڕێی سەپاندنی سزای زیاترەوە."

پێشتریش لە مانگی دوودا بەڕیتانیا سزای بەسەر چوار ئیسڕائیلیدا سەپاند. ئەوانەی کە سزا دراون کۆتوبەندی دارایی و گەشتییان دەخرێتەسەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG