Accessibility links

تورکیا: ئەفسەرێـکی باڵای هێزی دەریایی داوای مافی پەنابەری لە ئەمەریکا کردووە


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی تورکیا دەڵێن ئەفسەرێـکی گەورەی هێزی دەریایی وڵاتەکەیان کە بە ئەرکێـکی ناتۆ لە ئەمەریکایە، داوای مافی پەنابەری لەوێ کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بڕیاری دەسـتگیرکردنیان بۆ دەرکردبوو لە پاش کودەتا شکستخواردووەکەی 15 ی مانگی حەوت.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵو ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند ئەدمێراڵ مستەفا زەکی ئۆغورلو کە بە ئەرکێـکی فەرمی بووە لە بارەگای ناتۆ لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا، دوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە کردووە پاش ئەوەی فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ دەرچوو لە لایەن دادگای شاری ئەزمیر بە مەبەستی لێـکۆڵینەوە لەگەڵی سەبارەت بە ڕێـکخراوی فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکە تاوانبارکراوە.

ئاژانسەکە دەشڵێت بەپـێی سەرچاوەکان ئەدمێراڵ ئۆغۆرلو لە 22 ی مانگی حەوتەوە بارەگای ناتۆی لە نۆرفۆلکی ڤێرجینیا جێهێشتووە و لەو کاتەوە هیچ لە بارەیەوە نازانرێت.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ڕوون نیـیە ئایا ئەمەریکا بە داوای ئەدمێراڵەکە قایل دەبێت یان نا. ئەم پـێشهاتەیە لە کاتێـکدایە کە هێشتا ئەمەریکا بە داواکەی حکومەتی تورکیا بۆ ڕادەسـتکردنی فەتحوڵڵا گولەن قایل نەبووە.

لەوەتای هەوڵی کودەتاکە شـکستی هێناوە نزیکەی نیوەی جەنەڕاڵ و ئەدمێراڵەکانی لەشکری تورکیا لەگەڵ هەزاران ئەفسەر و سەربازی دیکە دەرکراون یان دەسـتگیرکراون.

XS
SM
MD
LG