Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی تورکیا ڕەتیدەکاتەوە بە ئاگربەستێـک لەگەڵ یەپەگە گەیشتبن


کاربەدەستێـکی تورکیا ڕەتیکردەوە بە ڕێکەوتنێـکی ئاگربەست گەیشتبن لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و دەڵێت هێشتا ئەم هێزە کوردیـیانە لە دیوی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات ماونەتەوە کە هەرچەندە کشانەوەی خۆیان لەو ناوچەیە ڕاگەیاندووە.

عومەر چەلیک وەزیری کاروباری ئەوروپا لە حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی فەرمی تورکیا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی بوونی یەپەگە لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات جێی قبوڵ نیـیە و لە ژێر هیچ ناوێـکدا ڕێکەوتن یان ئاگربەست لە نێوان تورکیا و یەپەگە ناکرێت.

پاشان گوتویەتی کۆماری تورکیا دەوڵەتێـکی شەرعیـیە و خاوەن سەروەریـیە و ناکرێت لەگەڵ یەپەگە بە یەک چاو سەیر بکرێت.

جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە جۆن تۆماس گوتەبێژی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا گوتی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێنیان پێ داون شەڕی نێوانیان ڕابگرن و سەنگی بخەنە سەر شەڕی داعش.

عەلی حەجۆ گوتەبێژی ئەنجومەنی لەشکری جەرابلوس سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات گوتی ڕێکەوتنەکە لە نێوانیان و واشنتن و ئەنکەرە مۆرکراوە و لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە کەوتووەتە قۆناغی جێبەجێـکردنەوە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ڕاگرتنی شەڕەکانی پشـتڕاستکردووە و دەڵێت لە ئێسـتادا ناوچەکانی باشوری جەرابلوس ئارامن.

جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشـکی سـپی خۆشحاڵی ئەمەریکای بە ڕاگرتنی شەڕەکە ڕاگەیاند.

بڕیارە لە میانەی کۆنگرەی G20 کە لە چین بەڕێوەدەچێت، سەرۆک ئۆباما و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە 4 ی مانگی نۆ کۆببنەوە بۆ وتووێژکردن سەبارەت بە کۆمەڵێـک بابەت، لەوانە هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزە کوردیـیەکانی سوریا.

XS
SM
MD
LG