Accessibility links

فاینانشیاڵ تایمز: تورکیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئێکسان مۆبڵ لەسەر گرێبەستێکی ملیار دۆلاریی بۆ کڕینی گازی سروشتی شلکراو


ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە تورکیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی ئێکسان مۆبڵی وزەی ئەمەریکایی لەسەر گرێبەستێکی ملیار دۆلاریی بۆ کڕینی گازی سروشتی شلکراو، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە وزەی ڕووسیایی.

وەزیری وزەی تورکیا ئەلپارسلان بەیرەکتار لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ فاینانشیاڵ تایمزدا وتی وڵاتەکە هەوڵ دەدات " لە ڕێیەکی نوێوە " وزە بە دەست بخات، بە شێوەیەک کە وابکات تورکیا بە تەنها پشت بە یەک هاوبەش نەبەستێت.

بەیرەکتار بە فاینانشیاڵ تایمزی وت تورکیا لە ڕێی گرێبەستێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ ئێکساندا کە لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی دەکرێت، ساڵانە 2.5 ملیۆن تەن گازی سروشتی شلکراوە وەردەگرێت.

وتی گرێبەستەکە بۆ 10 ساڵ بەردەوام دەبێت.

بەیرەکتار وتی مەرجە بازرگانییەکانی گرێبەستەکەی ئێکسان مۆبڵ هێشتا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

هەواڵی گرێبەستەکەی تورکیا لەگەڵ ئێکساندا لە کاتێکدایە کە ڕووسیا هەناردەکردنی گازەکەی بۆ ئەوروپا کەمبووەتەوە، چونکە ئەوروپا ئێستا کڕینی گازی سروشتی شلکراوەی لە بەرهەمهێنەرە جیهانییەکان زیاتر کردووە تاوەکو هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا لە ڕێی هێڵی بۆری گازەوە ببڕێت، ئەوەش وەکو وەڵامێکی ئەوروپا بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا.

بەپێی داتاکانی LSEG ، هەناردەکردنی گازی سروشتی شلکراوی ڕووسیایی بۆ ئەوروپا لە ساڵی 2023 دا بە ڕێژەی لە سەدا 1.9 دابەزی.

تورکیا کە نەوت و گازێکی کەمی هەیە، بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بەستووە هاوردەکردنییان لە ڕووسیا و ئازەربایجان و ئێران و جەزائیر و قەتەڕ و ئەمەریکا و نایجیریاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG