Accessibility links

میدیاکان: تورکیا 20 کەسی سەر بە داعش لە ئانتالیا دەسـتگیردەکات


میدیاکانی تورکیا دەڵێن پـۆلیس لە پارێزگای ئانتالیای باشوری خۆرئاوای وڵاتەکەیان 20 کەسیان دەسـتگیرکردووە بە گومانی پەیوەندیـیان بە داعشەوە.

بەپـێی هەواڵەکان دەسـتگیرکردنەکان بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە سێ هەڵمەتی جودابوون لە شاری ئانتالیا و ناوچەکانی دەوروبەری، واتە لەو شوێنەی بڕیارە لە 15 و 16 ی ئەم مانگە کۆنگرەی G20 ی لێ سازبکرێت کە تیایدا چاوەڕوان‌دەکرێت هەر یەک لە براک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا بەشداری بکەن. کاربەدەسـتانی تورکیا دەڵێن نزیکەی 11 هەزار پـۆلیس و ئەندامی ئاسایشیان داناوە بۆ پاراستنی شوێنی کۆنگرەکە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت 2 کەسی هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕووسیایی لە نێو دەسـتگیرکراوەکاندان.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت هەوڵی دابوو لێدوانی پـۆلیسی ئانتالیا لە بارەی دەسـتگیرکردنەکانەوە وەربگرێت، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.

کەناڵی CNN تورک دیمەنی دەسـتگیرکردنی چەند کەسێـکی نیشـان دا کە بە کەلەپچەیی بەرەو بەڕێوەبەرایەتی پـۆلیس لە ئانتالیا دەبران.

لە لایەکی دیکە دوێنێ پـێـنجشەممە دەسەڵاتدارانی تورکیا 41 کەسیان دەسـتگیرکرد کە مەغریبی و سوریایین و لە شاری دارولبەیزای مەغریبەوە بە فڕۆکە گەیشـتبوونە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک لە ئستەنبوڵ. گومانیان لێدەکرێت هاتبن تاوەکو لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ سوریا بپەڕێنەوە و پەیوەندی بە داعشەوە بکەن. 21 کەسیان بەرەو زیندان بران و 20 کەی دیکەیان سواری فڕۆکە کران گەڕێنرانرەوە.

XS
SM
MD
LG