Accessibility links

دوای ساڵێک لە داخرانی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا، هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن نەکراوە


سێ سەرچاوە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاند ساڵێک دوای داخستنی هێڵی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا، ئەو بۆرییەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەدا 0.5 ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، هێشتا هیچ بەرەوپێشچوونێک نەکراوە بەرەو دووبارە کارکردنەوەی، لە کاتێکدا کە بەربەستە داراییەکان ڕێگرییان کردووە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەو هێڵەوە.

دەستەی پیشەسازی پیتڕۆڵیۆمی کوردستان دەڵێت پێشتر نزیکەی 450000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە باکووری عێراقەوە لە ڕێی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرا، داخستنی بۆرییە نەوتەکە بووە هۆی ئەوەی عێراق نزیکەی 11 بۆ 12 ملیار دۆلار لە دەست بدات.

یەکێک لە سەرچاوەکان کە نزیکە لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزی وت لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەک نەکراوە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەو ڕێیەوە.

لە 25 ی مانگی سێی ساڵی 2023 دا تورکیا کارکردنی هێڵی بۆرییە نەوتەکەی ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی دادگایەک بڕیاریدا کە تورکیا بەندەکانی پەیماننامەیەکی ساڵی 1973 ی پێشێل کردووە، ئەوەش لە ڕێی کارئاسانیکردن بۆ هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بەبێ ئەوەی مۆڵەتی یاسایی لە حکومەتی عێراق وەربگرێت.

دادگاکە فەرمانی بە تورکیا کرد 1.5 ملیار وەکو قەرەبوو بداتەوە بە عێراق، ئەوەش لەسەر ئەوەی هەناردەکردنی نەوتەکە لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێی تورکیاوە لە ساڵانی نێوان 2014 – 2018 مۆڵەتی نەبووە. دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە وتییان دوو وڵاتەکە هێشتا لە شەڕێکی یاسایی درێژخایەندان.

مایکڵ نایتسی شارەزا لە عێراق لە ناوەندێکی واشنتن وتی ئەمەریکا کە قازانج دەکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی ئەو بۆرییە نەوتەوە، چەندین هەوڵیداوە بۆ نێوەندگریکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیادا.

نایتس وتی بەڵام لە کاتێکدا کە جەنگەکانی ئۆکرانیا و غەززە بەردەوامن، حکومەتی ئەمەریکا ناتوانێت فریای هەموو بابەتەکان بکەوێت، وتی " ئەمەریکا پێنج بۆ شەش جار هەوڵیدا ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. ئێستا بێزار بوون لێی."

هەروەها ئەو کۆمپانیای نەوتە نێودەوڵەتییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن گرنگن بۆ هەر دەستپێکردنەوەیەکی هەناردەکردنی نەوت، ئەو کۆمپانیایانە ناچار بوون بەهۆی داخرانی هێڵی بۆرییە نەوتەکەوە هەناردەکانییان ڕابگرن، تەنها دەتوانن لە ناوخۆی کوردستاندا بە داشکاندنێکی گەورە نەوتەکە بفرۆشن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG