Accessibility links

دۆناڵد ترەمب ڕۆژی هەینی جێـگری خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئاشکرا دەکات


دۆناڵد ترەمپ کە چاوەڕوان‌دەکرێت ببێت بە کاندیدی کۆماریـیەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەڵێت ڕۆژی هەینی جێگری خۆی بۆ سەرۆکایەتی وڵات ڕادەگەیەنێت.

شەوی چوارشەممە ترەمپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی و لە کاژمێر 11 ی پـێش نیوەڕۆ لە مانهاتنی شاری نیویۆرک جێگرەکەی خۆی ئاشکرا دەکات.

پـێشبینی دەکرێت یەکێـک لەم کۆماریـیە ناسراوانە هەڵبژێرێت: مایک پـنس فەرمانڕەوای ویلایەتی ئندیانا، کرس کرستی فەرمانڕەوای ویلایەتی نیوجێرزی، نیوت گنگرچ سەرۆکی پـێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا.

مایک پـنس، زانکۆی یاسای تەواو کردووە و وەکو بێژە بۆ چەندان ساڵ کاری کردووە و پاشان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووە لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2013 و سەرۆکی کۆنگرەی کۆماریـیەکان بووە لە 2009 وە هەتا 2011 . ترەمپ لە سەرەتای مانگی حەوت گوتی مایک پـنس کەسێـکی لێهاتووە و لە ساڵی 2013 وە کە بووە بە فەرمانڕەوای ئندیانا بە تواناکانی سەرسامی کردووە.

کرس کرستی خاوەنی دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسە، یەکێـکیان لە زانستی سیاسی و ئەوی دیکەیان لە یاسا. لەوەتای ساڵی 2010 وە فەرمانڕەوای ویلایەتی نیوجێرزیـیە، یەکێـک بوو لەوانەی لە سەرەتای هەڵبژاردنی بەرایی ئەمساڵ خوازیاربوو ببێتە کاندیدی کۆماریـیەکان، بەڵام کشایەوە و پـشتیوانی خۆی بۆ ترەمپ ڕاگەیاند.

نیوت گنگرچ بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لە مێژوو و نێوان ساڵانی 1979 بۆ 1999 ئەندامی کۆنگرێس بووە و لە ساڵی 1995 و هەتا 1999 سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بووە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2012 خوازیاربوو ببێتە کاندیدی کۆماریـیەکان.

XS
SM
MD
LG