Accessibility links

ڕاپـۆرتەکان: سەرۆک ترامپ ئەفسەرێـکی پـێشووی فارسی زانی بۆ پـڕکردنەوەی شوێنی فڵن دەسـتنیشانکردووە


جێگری ئەدمێڕاڵ ڕۆبەرت هاروەردی لە ئەفغانستان، 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2011
جێگری ئەدمێڕاڵ ڕۆبەرت هاروەردی لە ئەفغانستان، 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2011

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان سەرۆک ترامپ ئەفسەرێـکی پـێشووی هێزی دەریایی دەسـتنیشانکردووە تاوەکو شوێنی مایکڵ فڵن ڕاوێژکاری پـێشووی ئاسایشی نیشتمانی بگرێتەوە.

ڕاپـۆرتەکان دەڵێن جێگری ئەدمێڕاڵ ڕۆبەرت هاروەردی تەمەن 60 ساڵ کە پەیوەندیـیەکی زۆری لەگەڵ جەیمس ماتس وەزیری بەرگری هەیە، لە لایەن سەرۆک ترامپەوە پـێشنیارکراوە.

هاروەرد و ماتس لە نێوان هەردوو ساڵی 2006 و 2008 پـێکەوە جێـگری فەرماندەی فەرماندەیەتی ناوەندبوون، ئەوەی سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕۆبەرت هاروەرد لە حەفتاکانی سەدی ڕابردوو لە ئێران ژیاوە، بەهۆی ئەوەی باوکی وەک کاپـتنی هێزی دەریایی ڕاوێژکاری لەشکری ئێران بوو. هەر بۆیە لە قوتابخانەی ئەمەریکایی تاران لە ساڵی 1974 خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە. دەڵێن فارسیـیەکی زۆر باش دەزانێت و لە بارەی کۆلتور و دابونەریتی ئێرانیـیەکانەوە زانیاری زۆری هەیە.

هاروەرد ساڵی 2013 لە لەشکر خانەنشین بوو. لە ئێستادا بەڕێوەبەرێـکی کۆمپانیای لاکهید مارتنە کە یەکێـکە لە کۆمپانیا گەورەکانی دروستکردنی چەک لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG