Accessibility links

سەرۆک ترامپ شەوی سێشەممە یەکەم وتاری خۆی پـێشکەشی کۆنگرس دەکات


کاربەدەستانی کۆشکی سپی دەڵێن سەرۆک دانۆڵد ترامپ یەکەم وتاری بۆ کۆنگرس تەرخان دەکات بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی" کێشە ڕاستەقینەکانی" وڵاتەکە.

ئێوارەی دووشەممە گەورە کاربەدەستێکی بەڕێوەبەرایەتی لە کۆشکی سپی وتی سەرۆک ترامپ لە شەوی سێشەممە لە کاتژمێر 9 بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا وتارەکەی پێشکەشی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس دەکات، لە ژێر ناونیشانی" نوێکردنەوەی گیانی ئەمەریکاییەکان" ، وتیشی بە شێوەیەکی سەرەکی سەبارەت بە "هەلە ئابورەکان و پاراستنی خەڵکی ئەمەریکا" دەبێت.

کاربەدەسـتانی بەڕێوەبەرایەتی دەڵێن پێشبینی ناکەن ناوی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو بەرێت، هەرچەندە هەندێک بابەتی سیاسەتی دەرەوە لە نێو وتارەکەدا دەبن. بەڵام بەپێی کاربەدەستان سەرۆک ترامپ هۆکارەکانی کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکەوتنی بازرگانی نێوان 12 وڵاتی سەرانسەری پاسفیک دەخاتە ڕوو، ئەوەی لە پاش چەندین ساڵ لە دانوستاندن پێی گەیشتبوون و کۆنگرسی ئەمەریکا هەرگیز پەسەندی نەکردبوو.

شان سپایسەر وتەبێژی کۆشکی سپی پێشتر لە کۆنفرانسی ڕۆژانەی گوتی وتارەکە بە گشتی " تێڕوانینێکی گەشبینانە بۆ وڵاتەکە دەبێت."

وتیشی هیوادارە سەرۆک ترامپ پێشوازیەکی گەرمی لێبکرێت لە لایەن ئەندامانی کۆنگرسەوە، بە ئەندامە دیموکراتەکانیشەوە.

هەروەها وتی "شەوی سێشەممە زۆر لە بارەی کۆچبەریەوە دەبیستن."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG