هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سێ قۆڵەوە بەرەو شاری تەبقەی پارێزگای ڕەققە پـێشڕەویـیان کردووە و چوونەتە نێو گەڕەکەکانی باشور شارەکەوە.
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند هێزەکانی سوریای دیموکرات لە قۆڵی باشوری شاری تەبقە کۆنترۆڵی گەڕەکی ئەلوەهاب و دووڕیانی ئەلئەلفیەیان کردووە. لە قۆڵی ڕۆژئاواش لە ناوچەی عاید ئەلسەغیر پـێشڕەویان کردووە و دەوار ئەلعەلمیان کۆنترۆڵکردووە.
کۆمەڵەکە دەشڵێت لە قۆڵی باکوری ڕۆژئاوای شارەکەش لە ناوچەی جەزیرە ئەلمەحمیە چەند شوێنێـکیان لە داعش پاککردووەتەوە.
شەڕی ڕزگارکردنی تەبقە لە 22 ی مانگی سێ دەسـتیپـێکرد بە دابەزاندنی هێز بۆ بەشی باشوری ڕووباری فورات لە ڕۆژئاوای شاری تەبقە و پاشان بە ئاڕاستە ڕۆژئاوا و باشور و ڕۆژهەڵاتی شارەکە پـێشڕەویان کرد.