Accessibility links

سەرچاوەیەک: هاککەرێـکی داعش بە هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا لە سوریا دەکوژرێت


سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمەریکایی دەڵێت فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکایی لە سوریا هاککەرێـکی داعشی کوشتووە کە بە ڕەچەڵەک بەریتانیـیە.

ئەمە دووەم کەسایەتی ناسراو و گەورەی ناو داعشە کە لە ماوەی هەشت ڕۆژدا هەواڵی کوشتنی ڕابگەیەنرێت. پـێشتر لە 18 ی مانگ حاجی موعتەز کەسی دووەمی داعش بە هێرشێـکی ئاسمانی کوژرا.

بەپـێی سەرچاوەکە هێرشە ئاسمانیـیەکە ڕۆژی سێشەممە لە نزیک شاری ڕەققەی سوریا ئەنجامدراوە و جونەید حسێن کە تەمەنی 21 سـاڵ بوو و پـێشتر لە بێرمنگهامی بەریتانیا دەژیا کوژراوە. دەڵێن ناوبراو لە ماوەی دوو سـاڵی ڕابردوو چووە بۆ سوریا.

پـێشتر چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکایی و ئەوروپایی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە، پـێـیان‌وایە جونەید حسێن سەرکردەی ئەو گروپەی داعش بووە کە بە "هاککەری خەلافە" ناودێری دەکەن. ئەو گروپە لە مانگی یەک تویتەرێـکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایان هاککرد، بەڵام نازانرێت ئایە ناوبراو دەستی لەو هاککردنەدا هەبووە یان نا.

XS
SM
MD
LG