Accessibility links

هێزەکانی یەپەگە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری حەسەکە دەدەن


هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێن هێرشێـکی گەورەیان دەسـتپـێـکردووە بۆ وەدەرنانی هێزەکانی حکومەت لە دوایـین ناوچەکانی شاری حەسەکە.

دانیشتوانی شارەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە لە دوێنێ شەوەوە هێرشەکان دەسـتیانپـێکردووە بۆ سەر ناوچەی نەشوا کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە و نزیکە لە کۆمەڵە بیناکانی حکومەت و ئۆفیسی فەرمانڕەوای شارەکە.

بەپـێی دوایـین هەواڵ ناوچەی نەشوا و زۆربەی ناوچەی گویران لە لایەن هێزە کوردیـیەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، ئەمانەش دوایـین ناوچەن کە لەو شارە بە دەسـت هێزەکانی حکومەتەوە مابوون.

پـێشـتر دوێنێ یەکشەممە سەرچاوەیەکی لەشکری سوریا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاندبوو کەوا بە ئاگربەستێـک لەگەڵ یەپەگە گەیشتوون، بەڵام یەپەگە لای خۆیەوە هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و گوتی شەڕ و پـێـکدادان بەردەوامە و هەروەها بانگەوازێـکی بڵاوکردوەوە کە تیایدا داوای لە هێزەکانی حکومەت لە شارەکە کرد خۆیان ڕادەسـتبکەن، ئەگەر نا ئەوا چارەنووسیان مەرگ دەبێت.

ئەگەربێت حکومەتی ئەسەد تەواوی شاری حەسەکە لە دەسـتبدات، ئەوا دەبێتە گورزێـکی گەورە بۆ ڕژێمەکەی کە لەم دوایـیانە بە هاوکاری ڕووسیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی وڵاتەکە دەداتەوە.

XS
SM
MD
LG