Accessibility links

هێزەکانی ئەسەد گەڕەکەکانی حەلەبی کۆن کۆنترۆڵ دەکەن و ئۆپـۆزسیۆن داوای ئاگربەست دەکات


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی حکومەت توانیویانە تەواوی گەڕەکەکانی حەلەبی کۆن کۆنترۆڵ بکەن و چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن لە شاری حەلەب داوای ئاگربەسـتێـکی 5 ڕۆژی دەکەن.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن لە گەڕەکەکانی حەلەبی کۆن کشاونەتەوە و لە ئێسـتادا هێزەکانی ڕژێم و هاوپەیمانانی ئەو گەڕەکانە دەپـشکنن و دەیان تەرم لە جادەکاندا کەوتوون هەر لە گەڕەکی شەععار هەتا دەگاتە گەڕەکەکانی بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کەس نیـیە ئەو تەرمانە هەڵبگرێتەوە.

هاوکات فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر بە قورسی گەڕەکەکانی کەلاسە و بوستان ئەلقەسر بۆردومان دەکەن کە پـێدەچێت حکومەت بە نیازبێت پەلاماری ئەو گەڕەکانەش بدات.

جێی ئاماژەیە لە دوێنێ سێشەممەوە هێزەکانی حکومەت بە خێرایی پـێشڕەوی دەکەن و توانیویانە هەتا ئێستا 75% ی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب کۆنترۆڵ بکەنەوە کە پـێشتر لە ژێر دەسـتی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندا بوون.

کۆمەڵەی چاودێری دەشڵێت لە ناوەڕاستی مانگی یازدەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 80 هەزار لە دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب ناوچەکەیان جێهێشتووە و پەنایان بردووە بۆ گەڕەکی شێخ مەقسودی کوردەکان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت. بەر لە هێرشەکانی ئەم دوایـیانە ژمارەی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بە زیاتر لە 250 هەزار کەس مەزەندە دەکرا.

لە لایەکی دیکە چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە لە بەیانـنامەیەکدا داوایان کردووە لەبەر هۆکاری مرۆیی بە پەلە ئاگربەستێـکی 5 ڕۆژی ڕابگەیەندرێت و دانوستاندن سەبارەت بە ئایندەی شارەکە بکرێت و ڕێگە بدرێت برینداران و خەڵکی سیڤیل شارەکە جێبهێڵن. هەروەها گوتویانە پـشتیوانی لە هەرچ دەسـتپێشخەریـیەکی هەرێمی یان نێودەوڵەتی دەکەن کە بتوانێت مەینەتیـیەکانی خەڵکی سوریا کەم بکاتەوە.

بەرپـرسێـکی ئۆپـۆزسیۆن کە لە تورکیایە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە داخوازیـیەکەیان بۆ لایەنە نێودەوڵەتیـیەکان ڕەوانەکردووە.

XS
SM
MD
LG