وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سوریا بڕیاریان داوە ئاگربەستێـکی نوێ لە شاری حەلەب ڕابگەیەنن تاوەکو خەڵکی سیڤیل و هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن لەو ناوچانەی گەمارۆدراون دەربچن.
ڤالێری گێراسیمۆڤ سەرۆکی ئەرکانی ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی وەزیری بەرگری وڵاتەکەی پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە سەرۆک ڤلادیمیر پـوتن بڕیاری داوە ڕۆژی هەینی لە کاژمێر 9 ی بەیانی هەتا 7 ی ئێوارە بە کاتی سوریا ئاگربەست لە حەلەب ڕابگەیەندرێت.
گوتیشی 2 ڕێگەیان دەسـتنیشانکردووە بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن، یەکێـکیان بەرەو سنووری تورکیا دەڕوات و ئەوی دیکەیان بەرەو ناوچە گوندیـیەکانی ئیدلیب. باسی لەوەش کرد هێزەکانی حکومەت لە نزیک ئەو دوو ڕێگەیە لە ماوەی ئاگربەستەکە دەکشێنەوە. هەروەها گوتی 6 ڕێگەی دیکەیان بۆ خەڵکی سیڤیل و نەخۆش و بریندار دەسـتنیشانکردووە.
بەڵام هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن و خەڵکی سـیڤیل بڕاو بەو بەڵێنانەی ڕووسیا و حکومەتی وڵاتەکەیان ناکەن، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت ئەم پـلانەی ڕووسیا ئەنجامی هەبێت.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن هەوڵ دەدەن گەمارۆی سەر گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب بشکێنن کە لە ژێر دەسـتیاندایە، بەڵام هەتا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.