Accessibility links

ڕۆیتەرز: ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر تۆپـبارانی تورکیا بۆ سوریا کۆدەبێتەوە


بەپـێی چەند ئیمەیڵێـک کە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز گەیشـتوون، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر داوای ڕووسیا مشتومڕ لەسەر تۆپـبارانەکانی ئەم دوایـیانەی تورکیا بۆ سوریا دەکات کە هێزەکانی یەپەگەی لە نزیک ئیعزاز و فڕۆکەخانەی مەننغ کردە ئامانج.

ڕۆیتەرز دەڵێت دوێنێ دووشەممە ئەو ئیمەیڵانەی بینیوە و لە یەکێـکیاندا دیپـلۆماتێـکی ڕووسیا داوای کۆبوونەوەی کردووە و تیایدا نووسیویەتی" شاندی ڕووسیا زۆر نیگەرانە لە بەرامبەر بەکارهێنانی هێز لە لایەن تورکیا لە دژی خاکی سوریا."

گەورە کاربەدەسـتێـکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پـێشـبینی دەکات زوویەکی ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایش لەم بارەیەوە کۆبـبێتەوە. پـێشـبینیش دەکرێت کۆبوونەوەکە لە پشـت دەرگای داخراوەوە ئەنجام بدرێت لە پاش تاووتوێکردنی ڕەوشی مرۆیی لە یەمەن.

گرژیـیەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیای ئەندامی ناتۆ هەتا دێت و زیاتر دەبن و مەترسی هەیە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەک بـبنەوە پاش ئەوەی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی تورکیا و سعودیـیە پشـتیوانیان لێدەکەن لە باکوری حەلەب دووچاری شکست بوون لە بەرامبەر هێزەکانی حکومەتی سوریا کە لە ئێسـتادا ڕووسیا بە هێرشی ئاسمانی پاڵپشـتیـیان دەکات. هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەپەگە بەشێـکی سەرەکیـیەتی و تورکیا بە باڵێـکی پەکەکەیان دادەنێت پـێشڕەوی باشیان لە ڕۆژهەڵاتی عەفرین کردووە.

پەیوەندیـیەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە لە مانگی یازدەی سـاڵی ڕابردووەوە تێـکچوون بەهۆی خستنی فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیاوە لە لایەن تورکیا لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا.

XS
SM
MD
LG