Accessibility links

سربیا دەڵێت پوتن ڕازی بووە چەکی ڕووسی بۆ وڵاتەکەیان ڕەوانەبکرێت


وەزیری بەرگری سربیا دەڵێت ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا پەیمانی داوە فڕۆکەی جەنگی و تانک و زرێپۆش بە سربیا بدرێن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە مایەی زیادبوونی گرژیەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەستپێکردنی پێشبڕکێیەکی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکەدا.

زۆران دیۆردیڤیچ ڕایگەیاند لە میانەی سەردانی ئەلێکزادەر ڤوچیچ سەرۆک وەزیری سربیا بۆ مۆسکۆ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پوتن ڕەزامەندی لەسەر ناردنی ئەو چەکانە داوە. وتی بڕیارە 6 فڕۆکەی جۆری میگ 29 و 30 تانکی جۆری T-72و 30 زرێپۆشی جۆری BRDM-2 لەم نزیکانە ڕەوانەی سربیا بکرێن.

وەزیری بەرگری سربیا وتی"سەرۆکی ڕووسیای فیدراڵ وتویەتی خۆی بڕیارەکە واژو دەکات، کە واژوی کرد ئێمە بەپێی ئەوە کاردەکەین." هەروەها وتی" چاوڕێین پرۆسەکە لە ڕووسیا تەواوبێت و ببینین چۆن ئەو چەکانە دەگەنە سربیا."

دەبێت فڕۆکەکان بەسەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بفڕن تا بگەنە سربیا یان فڕۆکەکان هەڵبوەشێننەوە و بە فڕۆکەی بارهەڵگر ڕەوانەبکرێن ئەگەر وڵاتانی دراوسێ ڕازیبن.

زۆران دیۆردیڤیچ وتی ئەو فڕۆکە و تانک و زرێپۆشانە لە لایەن یەدەکی سوپای ڕووسیاوە بە خۆڕایی بە سربیا دەدرێن و لە سربیاش بە تەواوی لە لایەن تەکنیککارانی ڕووسی نۆژەن دەکرێنەوە لە بەرامبەر بڕێک پارە کە ئاشکرای نەکرد چەندە. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکان مەزەندە دەکرێت تەنها بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەکان 216 ملیۆن دۆلار لەسەر سربیا بکەوێت.

وەزیری بەرگی سربیا پێشتر وتی سربیا دەیەوێت سیستمی بەرگری دژە ئاسمانی ڕووسی بکڕێت و سەنتەرێکی چاککردنەوەی هەلیکۆپتەر ڕووسی جۆریMIL بکاتەوە. شیکەرەوان پێیان وایە ئەمە وەکو کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی ڕووسیایە لە سربیا.

سربیا بە فەرمی لەوەدا بوو بچێتە نێو یەکێتی ئەوروپاوە، بەڵام لە ژێر فشاری سیاسی پڕۆپاگەندەی مۆسکۆدا بەرەو کرملێن هەنگاوی نا کە ئامانجی هێشتنەوەی ئەم وڵاتەی ناوچەی بەڵقانە لە دەرەوەی ناتۆ و ڕێکخراو و هاوپەیمانێتیەکانی تری ڕۆژئاوا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG