Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا هێرش دەکەنە سەر هەرێمی خارکیڤ، بەرەیەکی نوێ لە جەنگەکەدا دەکەنەوە


هێزەکانی ڕووسیا هێرشێکی زەمینییان کردە سەر نزیک خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە، بەمەش بەرەیەکی نوێیان لە جەنگەکەدا کردەوە کە زیاتر لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە هەڵگیرساوە.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند هێزی پشتیوانییان ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمەکە کردووە، وتیشی ڕووسیا بۆردومانی شارۆچکەی ڤۆڤچانسکی پێشەوەی هەرێمەکە دەکات.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کیێڤ وتی " ڕووسیا دەستیکردووە بە ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە لەم ئاڕاستەیەوە. ئێستا لەم ئاڕاستەیەوە شەڕێکی سەخت هەیە."

ئۆکرانیا هۆشداری دابوو لەسەر بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا، ئاماژەی بەوە دەدا ئەو هێزانە ئامادەکاری بۆ هێرشێک دەکەن، بەڵام ڕوون نەبوو کە ئایا مۆسکۆ بە نیازی هێرشکردنە یاخود نا.

زێلێنسکی وتی ڕووسیا ڕەنگە ئامادەکاری بکات بۆ ئەوەی لەم بەهارە یاخود هاوینەدا هێرشێکی زەمینی گەورە ئەنجام بدات، هێزەکانی ئۆکرانیا ئامادەبوون بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ڕۆژی هەینی، بەڵام ڕەنگە مۆسکۆ هێزی زیاتر بنێرێت بۆ ناوچەکەدا.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی " نزیکی کاتژمێر 5:00 ی بەیانی، هەوڵێک هەبوو لەلایەن دوژمنەوە بۆ دزەکردنە ناو هێڵەکانی بەرگرییمانەوە. "

وتی " تاوەکو ئێستا ئەم هێرشانە بەرپەرچدراونەتەوە، شەڕەکە بەردەوامە."

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ وتی ناوچەکە بە درێژایی سنوورەکە و نیشتەجێیەکانی ناویشی " ناوچەی سەوز " بوون، ئێستا شەڕییان تێدایە.

سەرچاوەیەکی باڵای سوپای ئۆکرانیا کە ڕەتی کردەوە ناوی ئاشکرا بکات وتی هێزەکانی ڕووسیا 1 کم بۆ ناو سنووری ئۆکرانیا لە نزیک ڤۆڤچانسکەوە پێشڕەوییان کردووە.

سەرچاوەکە وتی هێزەکانی ڕووسیا دەیانەوێت هێزەکانی ئۆکرانیا پاڵ بنێن بۆ 10 کم بۆ دواوە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕاو لە شەڕ، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا لە هەوڵی ئەوەدان ڕایانبگرن.

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ ئۆلی سینیهوبۆڤ وتی بەهۆی بۆردومانکردنی نیشتەجێیەکانی سەر سنوورەوە لەلایەن ڕووسیاوە لانیکەم دوو هاووڵاتی سڤیل کوژراون و پێنج هاووڵاتی دیکە بریندار بوون.

ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 دا هێزەکانی ڕووسیای لە زۆربەی ناوچەکانی خارکیڤ دوورخستەوە. بەڵام دوای ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیا لە ساڵی ڕابردوودا، هێزەکانی ڕووسیا ئێستا دەستییان کردووەتەوە بە هێرشکردن و بە هێواشی لە هەرێمی دۆنێتسک پێشڕەوی دەکەن کە دەکەوێتە باشووری ئۆکرانیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG