Accessibility links

ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور: حکومەتەکان کاری تەواو ناکەن بۆ پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری


ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکدا وتی مەترسییەکانی حکومەتەکان و یاسادانەران یەکێکن لە نیگەرانییە هەرە سەرەکییەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا.

ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا وتی حکومەت و بەرپرسانی سیاسیی زیاتر شکست دەهێنن لە پشتگیریکردن و ڕێزگرتن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕیزبەندییەک هەیە کە تیشک دەخاتە سەر ئەو هۆکارە سیاسیی و یاسایی و ئابوورییانەی کە کاردەکەنە سەر ڕۆژنامەگەریی، هەروەها دۆخی ئاسایشی ڕۆژنامەنووسانی 180 وڵات و ناوچە.

ڕێکخراوەکە وتی هۆکاری سیاسیی هۆکاری سەرەکی بووە لە خراپتربوونی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

کلەیتن وایمەرزی بەڕێوبەری ئۆفیسی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای وت " کارەکتەرە سیاسییەکان پشتئەستوورترن بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەگەریی، بۆ ناشرینکردنی ڕۆژنامەگەریی، بۆ هێرشکردنە سەر ئەندامانی ڕۆژنامەگەریی و ڕۆژنامەنووسان، بۆ هەوڵدان بۆ بە چەککردنی ئامڕازەکانی حکومەت دژی ڕۆژنامەکان کە زۆر گرنگن بۆیان."

بەپێی ڕێکخراوەکە، ئەو ڕەوتە لەم ساڵدا زیاتر نیگەرانکەرتر دەبێت لە کاتێکدا کە هەڵبژاردن لە زۆرێک لە وڵاتاندا بەڕێوەدەچێت. زۆرجار هەڵبژاردنەکان توندوتیژی تێدا دەبێت دژی ڕۆژنامەنووسان و سەپاندنی کۆتوبەندی دیکە بەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەریدا.

وایمەرز دەڵێت ئەرجەنتین بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دۆخی ڕۆژنامەگەریی بە شێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە تێیدا. لە پلەی 40 ەوە دابەزیوە بۆ پلەی 60.

وتی ئەم خراپبوونە بە شێوەیەکی بەرچاو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەرجەنتین خافیێر میلی " کە بە ئاشکرا توندوتیژ بووە بەرامبەر ڕۆژنامەگەریی، هەروەها پارەی میدیا گشتییەکانی ئەرجەنتینی بڕیوە و سەرکردایەتی هەوڵێکی کردووە بۆ ناشرینکردنی ڕۆژنامەگەریی."

بەپێی ڕێکخراوەکە، کارەکانی میلی دژی ڕۆژنامەگەریی تیشک دەخاتە سەر دیاردەیەکی فراوانتر کە تێیدا وڵاتان و هێزە سیاسییەکانی دیکە ڕۆڵێکی کەم دەبینن لە پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەرییدا.

نەرویج پلەی یەکەمی پاراست لە باشترین وڵاتدا بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەریی. هەریەک لە دانیمارک و سوید و هۆڵەندا و فینلەندا لە باشترین پێنج وڵاتەکاندا بوون لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە.

لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدا ئێران و کۆریای باکوور و ئەفغانستان و سوریا و ئییتریا دێن.

ئەمەریکاش لەم ساڵدا 10 پلە دابەزیوە بۆ پلەی 55، ئەوەش بەهۆی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و هێرشەکەی ساڵی ڕابردووی پۆلیس بۆ سەر ڕۆژنامەیەک لە کانساس.

ئێمیلی ویلکینزی سەرۆکی یانەی نیشتیمانی ڕۆژنامەگەری لە واشنتن وتی ئەوە جێی نیگەرانییە کە ببینیت ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە ئەمەریکا لە مەترسیدایە.

ویلکینز بە دەنگی ئەمەریکای وت " سیاسییەکان خۆیان دەخەنە پێگەیەکەوە کە دژی ڕۆژنامەگەریین، بە ڕۆژنامەگەریی دەڵێن دوژمنی گەل. هەر کاتێک کە ڕۆژنامەنووسان بە تایبەتی و میدیاکان بە گشتی ناشرین دەکەن، لێدانێک دەبێت لە دیموکراسی، ئەوەش شتێکە کە سەرانسەری وڵاتەکەمان لاواز دەکات."

سەبارەت بە ڕووسیاش وایمەرز وتی " لە ڕاستیدا 2023 گۆڕانکارییەکی زۆری تێدا نەبوو چونکە دۆخەکە لە ساڵی 2022 ئەوەندە خراپ بوو کە ناتوانرێت لەو خراپتر بیت."

هۆکارەکانی ئەوەش دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانە لە ڕووسیا، بەو دوو ئەمەریکاییەشەوە کە دەستگیرکراون.

ڕۆژنامەنووسی واڵ ستریت جێرناڵ ئیڤان گێرشکۆڤیچ لە مانگی سێی ساڵی 2023 ەوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لە ڕووسیا زیندانیکراوە، واڵ ستریت و حکومەتی ئەمەریکاش ئەوە ڕەت دەکەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند کە گێرشکۆڤیچی تەمەن 32 ساڵ بە هەڵە دەستگیرکراوە.

چین کە خراپترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە پلەی 172 دا مایەوە.

وایمەرز وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بەوەی کە چین وادەکات مۆدیلێکی دژ بە بەها دیموکراسییەکان لە جیهاندا بخاتەوە کە تێیدا ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ئازادی ڕادەربڕین سەرکوت دەکات."

بەڵام لە هەندێک وڵات و ناوچەی وەکو ئۆکرانیا و ئەمەریکای باشوور و چیلی دۆخی ڕۆژنامەنووسان بە بەراورد لەگەڵ پێشتردا باشتر بووە. ئۆکرانیا لە پلەی 61 ەوە بەرز بووەتەوە بۆ پلەی 18، چیلی لە پلەی 52 ەوە بەرز بووەتەوە بۆ پلەی 31.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG