Accessibility links

پـۆلیسی فەڕەنسا 2 کەسی گومانبار دەسـتگیردەکات


پـۆلیسی فەڕەنسا 2 کەسی گومانباری دەسـتگیرکردووە پاش ئەوەی شەوی شەممەی ڕابردوو ئۆتۆمبیلێـکی پـڕ لە بوتڵی گاز (کەپسولی گاز) لە نزیک کڵێسایەکی دێرینی ناوەڕاستی شاری پاریس ڕاگیرابوو.

کاربەدەسـتان دەڵێن هاوڵاتیـیەک شەوی شەممە ئۆتۆمبیلێـکی جۆری بیجۆ 607 لە نزیک کڵێسای نۆتر دام بەدی کرد کە پـلێتی ژمارەی پـێوە نەبووە و هەر چوار لایتی هۆشداری داگیرسابوو. پاشان سەرنجی لە ناوەکەی داوە و بۆی دەرکەوتبوو بوتڵێـکی گاز لەسەر کوشنی پـشتەوەی ئۆتۆمبیلەکەیە، بۆیە دەستبەجێ پـۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە.

پـشـکنینەکانی پـۆلیس نیشانیان داوە هیچ ئامێرێـکی تەقینەوە لە ئۆتۆمبیلەکەدا نەبووە و ئەو بوتڵە بەتاڵ بووە، بەڵام 5 بوتڵی پـڕ لە سندوقی ئۆتۆمبیلەکەدا بووە.

پاش لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە و کەسە نزیکەکەی لەگەڵی دەسـتگیرکراوە لە تۆماری دەزگا ئاسایشیـیەکان لە نێو لیستی ئیسلامیـیە توندڕەوەکانن.

کڵێسای نۆتردام یەکێـکە لەو شوێنە دێرینانەی پاریس و پارچەیەکە لە نەقش و نیگاری سەرنج ڕاکێش و ساڵانە نزیکەی 13 ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن.

لەوەتای چەندان هێرشی تێرۆرستی لە فەڕەنسا ڕوویانداوە، ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی لەو وڵاتە گیراوەتەبەر.

XS
SM
MD
LG