Accessibility links

فەڕەنسا دەڵێت سەرکردەی هێرشەکانی پایزی ساڵی ڕابردووی سەر پاریسی دەسـتنیشانکردووە


دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا دەڵێن سەرکردەی ئەو هێرشانەیان دەسـتنیشانکردووە کە 13 ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو کرانە سەر چەند شوێنێـکی گشتی لە پاریسی پایتەخت و بەهۆیانەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون.

ڕاپـۆرتێـکی پەرلەمانی فەڕەنسا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە 24 ی مانگی پـێنج لە لێـکۆڵینەوەیەکی نهێنی پەرلەمانیدا سەبارەت بە هەوڵی وڵاتەکەیان بۆ نەهێشتنی تێرۆر، بێرنار باژوولێـە سەرۆکی دەزگای زانیاری وڵاتەکەیان بۆی ئاشکراکردوون عەبدول حەمید ئەباعود ئەوەی پاش چەند ڕۆژێـک لە هێرشەکان لە لایەن پـۆلیسەوە لە ئەپارتمانێـک لە باکوری پاریس گەمارۆدرا و کوژرا سەرکردەی هێرشەکان نەبووە، بەڵکو کەسێـکی دیکە بووە. گوتوشیەتی ئەم بابەتە بە نهێنی دەیهێڵێتەوە و هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە نەکرد ئایا ئەو کەسە زیندووە یان کوژراوە.

سەرۆکی دەزگای زانیاری فەڕەنسا گوتوشیەتی ئەباعود هەرچەندە سەرکردەکە نەبووە بەڵام هەماهەنگی بۆ هێرشەکان کردبوو.

جێی وەبیرهێنانەوەیە شەوی 13 ی مانگی یازدەی ساڵی 2015 حەوت چەکداری سەر بە داعش بە کلاشینکۆڤ و نارنجۆکی دەستی و پشـتێنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر چەند شوێنێـک لە پاریس، لەوانە شانۆی پاتاکلان و نزیک ستادیۆمی تۆپی پـێ و چەند جادەیەکی قەڕەباڵغ لە شارەکە. لە ئاکامدا 130 کەس کوژران و زیاتر لە 360 کەسی دیکە برینداربوون. هەروەها حەوت هێرشبەرەکەش کوژران.

XS
SM
MD
LG