هه‌موو ساڵێک له ڕۆژی هه‌شتی سێ‌دا ژنانی جیهان ئاهه‌نگ و بۆنه‌ی تایبه‌ت ده‌گێڕن به بۆنه‌ی ئه‌و تاقه ڕۆژه‌ی هه‌یانه له ساڵه‌که‌دا. زۆر جاریش بووه هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا ده‌یان پێشێلکاری به‌رامبه‌ر به مافه‌کانی خانمان کراون و به‌بێ لێپێچینه‌وه‌یه‌کی یاساییش تێپه‌ڕێندراون.
ئا لێره‌وه ده‌بێت په‌یڤه‌کانی ئه‌م ڕۆژه جیهانیه بۆ خانمانی کورد چیبێت؟ ئایا ته‌نها ڕۆژێکه بۆ یادکردنه‌وه یان ده‌شێت له هه‌موو ساڵێکدا ببێته ڕۆژێک بۆ هه‌وڵدان له‌و ململانێیه‌ی سیما و تانوپۆی سه‌لماندنی بوونی ڕاسته‌قینه و به‌گژدا چوونه‌وه‌ی دیارده باوه کۆنهپارێزیهکانی له خۆ گرتووه؟
کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا که به‌رده‌وام له خه‌باتی بێووچاندا بوون بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانیان، چه‌ندێک ده‌توانن مافه‌کانی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌یان و دایکی نیوه‌که‌ی تریان دابین بکه‌ن؟
هه‌شتی سێ ، هه‌ر ته‌نها ڕۆژێک نییه بۆ تێڕامان و وردبوونه‌وه له‌و تراژیدیایانه‌ی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگای جیهانی به گشتی و کۆمه‌ڵگای کوردی به تایبه‌ت پێدا ڕه‌ت بووه ، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی پێویسته پێداچوونه‌وه‌ی بابه‌تیانه به‌و هه‌نگاوانه‌دا بکرێت که نراون له پێناو درێژه‌دان به‌و هه‌وڵانه‌ی به مه‌به‌ستی باشتر کردنی ڕه‌وشی مافه زه‌وتکراوه‌کان نراون و هه‌روه‌هاش بۆ سه‌روه‌ری یاسا.
چه‌ندێک بگوترێت یاسا سه‌روه‌ره ، ناچێته هیچ خانه‌یه‌که‌وه ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و سه‌روه‌ری یاسایه نه‌بینرێت پارێزگاری له هاوسه‌نگی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌کات و باره باوه‌کان له پێناو ئاسوده‌یی کۆمه‌ڵگادا له په‌راوێز ده‌نێت. وه‌ک چۆن هه‌میشه پێویستی به نۆژه‌نکردنه‌وه هه‌یه له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگادا ، ئاوه‌هاش پێویست به پێداچوونه‌وه به یاسا کۆنه‌کاندا هه‌یه تا بتوانێت له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگاکاندا به ته‌بایی بگونجێت.
دید و بۆچوونی جیاجیا هه‌ن له‌سه‌ر کێشه‌کانی خانمان له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، هه‌ندێک به به‌شێک له کێشه‌ی کۆمه‌ڵگای داده‌نێن ، هه‌ندێکی تریش ده‌یگێڕنه‌وه بۆ پیاو سالاری له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا و که‌میش نین ئه‌وانه‌ی ده‌یبه‌نه‌وه بۆ مه‌سه‌له کلتوریه‌کان و کاریگه‌ریه‌کانی ئایین له‌سه‌ر کلتوری کورده‌واری.
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه هه‌موو هۆکار و فاکته‌ر بن، ئه‌ی خانمان خۆیان چ جۆره ڕۆڵێکیان هه‌یه ، ئایا توانیویانه دوور له هه‌موو ئاڕاسته سیاسیه‌کان خۆیان ڕێکبخه‌ن و خاوه‌نی یه‌ک به‌رنامه و یه‌ک ستراتیژ بن له ڕه‌هه‌ندی جیا جیاوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان و گه‌یشتن به‌و ئامانج و خه‌ونانه‌ی هه‌یانه؟
له‌مڕۆدا زۆربه‌ی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی داکۆکی له مافه‌کانی خانمان ده‌که‌ن ڕێکخراوی حیزبین و به‌پێی ڕای ڕوناکبیرانی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن ئه‌م جۆره ڕێکخراوانه زیاتر ته‌گه‌ره‌ن وه‌ک له‌وه‌ی له خزمه‌ت نیوه‌ی کۆمه‌ڵدا بن.
کورده‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌سه‌ر چوار وڵات‌دا دابه‌ش بوون (ئێران ، تورکیا، عێراق ، سوریا) هه‌ر بۆیه‌شه وه‌ک لێکۆڵه‌ره‌وه ده‌ڵێن کێشه‌کانی خانمان له نێو کورده‌کانی هه‌ر یه‌ک له‌و وڵاتانه‌دا تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که خاڵی هاوبه‌شیش پێکیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
فه‌ریبا موحه‌مه‌دی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان: خه‌باتی ژنی کورد تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه چونکه هه‌م له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌میش له ڕووی جێنده‌ریه‌وه ده‌چه‌وسێته‌وه.
په‌روا عه‌لی، چالاکوان و توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی: خانمان خۆشیان به‌شێکن له کێشه‌کان که نه‌یانتوانیوه نوێنه‌رایه‌تیه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان بن له دامه‌زراوه‌کاندا.
شۆخان مه‌حمود ، ڕؤژنامه‌وان: ئه‌وه‌ی که ڕێکخراوه‌کان سه‌ر به لایه‌نه سیاسیه‌کانن باری ئه‌رێنی و نه‌رێنی خۆی هه‌یه.
سۆزان عارف، ئه‌ندامی ڕێکخراوی توانا سازی ئافره‌تان: ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی خانمان و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی یه‌کسانی بوون کات و کاری زۆری پێده‌وێت.
هانا شوان ، سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ڕێوان: هێشتاش ژیان و گوزه‌رانی خانمان له ڕه‌وشێکی ناله‌باردایه و دستوهردانه دادگا و نه‌چه‌سپاندنی یاسا کاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ژنان به‌جێهێشتووه.
ته‌واوی به‌شداربووانی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی پانۆراما هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت ته‌نها له ڕۆژی هه‌شتی مارسدا گوڕ و تین به داکۆکیکردن له خانمان بدرێت و وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها له‌و ڕۆژه‌دا کاهر بۆ ئه‌م مه‌سه‌له گرنگه کۆمه‌ڵایه‌تیه بکرێت و به‌شیوه‌ی ئه‌رکێکی ناچاریی لێی بڕوانرێت.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 16:25 خوله‌که.