Accessibility links

بەهۆی هەورە بروسکە و باران بارینێکی بە خوڕەوە لە پاکستان 41 کەس گیان لە دەست دەدەن


بەرپرسانی پاکستان دەڵێن لە ڕۆژی هەینییەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 41 کەس بەهۆی ڕووداوەکانی پەیوەست بە زریانەکانەوە لە سەرانسەری پاکستاندا گیانییان لە دەستداوە.

دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی کارەساتی نیشتیمانی پاکستان هۆشداریدا لەسەر هەرەسهێنانی زەوی و لافاو، چونکە لە ڕۆژانی دواتردا پێشبینی دەکرێت بارانی زیاتر ببارێت.

پارێزگای پونجابی پاکستان کە زۆرترین دانیشتووی تێدایە، زۆرترین حاڵەتی گیان لە دەستدانی تێدا بووە، لە ڕۆژی هەینیەوە تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە 21 کەس لەو پارێزگایەدا بەهۆی هەورە بروسکەوە گیانییان لە دەستداوە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریف وتی " داوام لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتی نیشتیمانی کردووە هەماهەنگی بکات لەگەڵ پارێزگاکاندا، هەروەها داوام لێکردوون یارمەتی بۆ ئەو ناوچانە بنێرن کە زیانییان پێگەیشتووە."

لە پارێزگای بالوچستانیش لانیکەم هەشت کەس گیانییان لە دەستداوە، حەوت کەسییان بەهۆی هەورە بروسکەوە گیانییان لە دەستداوە، 25 ناوچەی پارێزگاکەش باران بارینێکی زۆر تێیاندا باریوە و زیانییان پێگەیشتووە، لافاویش لە هەندێک ناوچەدا ڕوویداوە.

بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆشەوە لە پارێزگای سینگی باشووری پاکستان چوار کەس گیانییان لە دەستداوە، ئەوەش بەهۆی کەوتنەوەی لافاو لەسەر شەقامەکان.

لە پارێزگای خیبەر پاختونخوای باکووری ڕۆژئاواش هەشت کەسی دیکە گیانییان لە دەستداوە، چوار منداڵیشییان تێدا بووە، ئەوەش بەهۆی ڕووخانی خانووەکانەوە بەهۆی باران بارینی بە خوڕەوە.

سەرکردەی پارتی گەلانی پاکستان بیلاوەل بوتۆ زەرداری هۆکاری زیادبوونی هەورو بروسکەکانی گەڕاندەوە بۆ گۆڕانی کەش و هەوا.

پاکستان بە شێوەیەکی بەرچاو لاوازە لەبەردەم کێشەکانی کەش و هەوادا، هاوکات زۆرجار لە مانگی حەوتدا باران بارینێکی ڕووخێنەر لەو وڵاتەدا ڕوودەدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG