Accessibility links

سەرۆک ئۆباما لە دوایـین وتاری ساڵانەی جەختی لە باشبوونی ئابوری ئەمەریکا کرد


سه‌رۆک ئۆباما شه‌وی سێشه‌ممه‌ دوایـین وتاری سـاڵانه‌ی خۆی پـێشـکه‌شکرد وه‌کو سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و تیایدا باسی کۆمه‌ڵێـک بابه‌تی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ ئابوری و باری ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی ئه‌مه‌ریکا کرد و هه‌روه‌ها سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ تایبه‌تی له‌ بەرامبەر شه‌ڕی دژی داعش.

سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا وتاره‌که‌ی به‌ باشبوونی باری ئابوری وڵاته‌که‌ی ده‌سـتپـێـکرد و گوتی پازده‌ سـاڵی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ تێپه‌ڕبوو که‌ به‌‌ تێرۆرێـک ده‌ستیپێـکرد گه‌یشته‌ که‌ناره‌کانی وڵاته‌که‌مان و نه‌وه‌یه‌کی نوێـمان که‌وته‌ دوو شه‌ڕی درێژخایه‌نی زۆر تێچوو و له‌ میانه‌یه‌دا ئابوری له‌ سه‌رانسه‌ری وڵات و جیهاندا لاواز و سست بوو. به‌ڵام ئێستا ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌ و ئه‌وه‌تا ئابوری ئه‌مه‌ریکا جارێکی دیکه‌ گه‌شه‌ ده‌کاته‌وه‌ و هه‌لی کاری نوێ بە خێرایی دورستده‌بن که‌ له‌وه‌تای سـاڵی 1999 به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و کرد ڕێژەی بێ کاری بۆ ئاستێک دابەزیوە کە کەمترە لەوەی پێش دروسـتبوونی قەیرانی ئابوری و هەروەها ژمارەیەکی زیاتر خوێندکار خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن و خەڵکێـکی زیاتر بیمەی تەندروستیـیان بەدەستهێناوە. هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر هەر هەوڵێـک بدرێت بۆ گۆڕینی سیستەمە نوێـیەکەی خزمەتگوزاری تەندروستی، ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بەرنامە داڕێژەری بوو، ئەوا مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت.

پاشان باسی ڕزگاربوونی وڵاتەکەی لە دەستی نەوتی بیانی کرد و گوتی ڕزگارمان بوو لە نەوتی بیانی وەکو ئەوەی چۆن 30 سـاڵ لەمەوبەر وابووین. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەمەریکا ئەمڕۆ ژمارە یەکە لە نەوت و گازدا و هەروەها لە بەرهەمهێنانی وزەی بادا.

باسی ئابوری وڵاتەکەی کرد و گوتی لە گەشەکردنێـکی زۆر باشدایە و ناسەنگی نێوان بوجە و خەرجیـیەکان وەها کەمیان کردووە کە لە پەنجا ساڵی ڕابردوو بەو شێوەیە نەبووە. گوتیشی باشبوونی باری ئابوری ژیان و گوزرانی زۆر کەسی باشتر کردووە و جارێکی دیکە موچە زیادەکات و کۆمپانیا بچوکەکانیش بە نیازن لە هەموو کاتێک زیاتر لەوەتای سـاڵی 2007 وە موچەی کارمەندەکانیان زیاتربکەن.

سەبارەت بە گرنگی دان بابەتەکانی پەیوەست بە منداڵان و ژنان، سەرۆک ئۆباما گوتی نابێت وەکو بابەتی لاوەکی چاویان لێبکەین، بەڵکو دەبێت لە پـێشەوەی کارەکانمان بن. جەختی لە گرنگی دان بە منداڵان کرد و گوتی لە بەرنامەیدایە ساڵانە 3 هەزار دۆلار بۆ هەر منداڵێـک لە باجی سەرشانی هەر خێزانێک کەم بکاتەوە. جەختی لەوەش کرد کە دەبێت ژن بە هاوشێوەی پـیاو موچەی بدرێتێ و جیاوازی نەکرێت. پاشان پـێشنیاری بۆ یاسادانەران کرد موچەی فەرمانبەران زیادبکرێت و گوتی ئەوەی ڕەخنەی لەم بارەیەوە هەیە و دەبێتە ڕێگر با خۆی تاقی بکاتەوە. لە بەشێکی وتارەکەی داوایکرد لەم سەردەمەی پـێشکەوتنەی هەموو جیهانی گرتووەتەوە زیاتر گرنگی بە خوێندنی کۆلێژ و زانکۆکان لە ئەمەریکا بدرێت و گوتی پـێشنیارێـک بۆ کۆنگرێس دەکات بڕیارێک بدەن بۆ نەهێشتنی خەرجیـیەکانی سەر شانی خوێندکاران لە کۆلێژەکانی وڵاتەکە تاوەکو وەکو خوێندنی ئامادەیی بە خۆڕایی ببێت.

سەرۆک ئۆباما باسی لەوەش کرد کە دەبێت ئەمەریکا لە ئاستی پـزیشکی و زانست و تەکنەلوجیا هەر لە پـێشەنگدابێت و ئەم وڵاتەی چارەسەری بۆ نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان دانا ئێستا کاربکات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و شەکرە. ئنتەرنێتیش بگاتە هەموو شوێنێک و کاربکرێت بۆ دانانی خێراترین تۆڕی ئنتەرنێت. هەروەها گوتی مانگی ڕابردوو ئەمەریکا پـرۆژەیەکی دەستپـێکردووە بۆ ڕەوانەکردنی پـیاوێـک بۆ سەر هەسارەی بارام (مەریخ).

سیاسەتی دەرەوە

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ئەمشەو و بۆ یەکەم جار لە پاش 11 ی سێپتەمبەرەوە ئەرکی شەڕمان لە ئەفغانسـتان بە کۆتایی هات. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە 6 سـاڵ لەمەوبەر نزیکەی 180 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە عێراق و ئەفغانسـتان خزمەتیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ کەمتر لە 15 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لەوێ هەن.

هەروەها گوتی ئەو وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەرکی سەر شانێتی بەرگری لە ئەمەریکا بکات. گوتی لێرەدا پـرسیارەکە ئەوە نیـیە ئایا ئەمەریکا ڕابەرایەتی جیهان دەکات یان نا، بەڵکو ئەوەیە چۆن ڕابەرایەتی دەکات. ڕەخنەی لە بڕیارەکانی ڕابردوو وڵاتەکە گرت و گوتی جاران یەکەم کاردانەوەمان ناردنی هێزی لەشکری بووە و ستراتیژیـیەتێـکی فراوانترمان پشـتگوێ خستبوو. گوتی ئەو پـێیوایە کاری ژیرانە ئەوەیە دیپـلۆماسیـیەتی بەهێز لە پاڵ کاری لەشکری بگیرتەبەر.

پاشان گوتی ئەمەریکا لە پاڵ هەموو ئەو خەڵکە لە جیهاندا دەوەستێت کە بوونە ئامانجی تێرۆرزم، هەر لە خوێندنگەکانی پاکستانەوە هەتا جادەکانی پاریس. گوتیشی بەردەوام دەبن لە ڕاوەدونانی تێرۆرسـتان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان و هەروەها لەناوبردنی ئەو تێرۆرسـتانەی هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانی.

گوتیشی هاوکات لە ماوەی 13 سـاڵی ڕابردوو چەند وانەیەک فێربووین کە زۆر لەسەرمان کەوتن. گوتی لە بری ئەوەی هێزی ئەمەریکایی بە دۆڵەکانی ئەفغانسـتاندا بێت و بڕوات چوین مەشق و ڕاهێنانمان بە هێزە ئاسایشیـیەکانیان کرد کە ئێسـتا ڕۆڵی سەرەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان دەبینن و هەروەها ڕێزمان لە قوربانیـیەکانمان گرت لە ڕێگەی پـشـتگیریکردن لە یەکەم گواستنەوەی دیموکراتیـیانە لە ئەفغانسـتاندا. پاشان لە بری ناردنی هێزی لەشکری بۆ دەرەوە هەستاین بە یارمەتیدانی وڵاتان هەر لە باشوری ئاسیاوە هەتا باکوری ئەفریکا بۆ نەهێشتنی شوێنی پارێزراو بۆ تێرۆرستان.

پاشان گوتی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا پشـڕەوی داعشی ڕاگرت. جەختی لەوە کرد لە بری ئەوەی بۆ شەڕێـکی دیکەی زەمینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابکێشرێن، ئەوەتا ئەمەریکا ڕێبەرایەتی هاوپەیمانێتیـیەکی فراوان دەکات کە وڵاتانی عەرەبیشی تێدایە بۆ لاوازکردن و پاشان لەناوبردنی ئەم گروپە تێرۆرستیـیە. گوتیشی هەروەها پشـتیوانی لە ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەو لە سوریا دەکەن کە دەتوانێت یارمەتیمان بدات لەم ئەرکەدا.

دواتر گوتی لە هەموو شوێنێک لە جیهاندا یارمەتی دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیروباوەڕی توندڕەوی. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەم کارە کاتی دەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر سەرکەوتوو دەبین.

سەرۆک ئۆباما گوتیشی بۆ ئەوەی بۆ جیهانی نیشان بدەین کە ئێمە لەم ئەرکە یەکگرتوو و یەک دەنگین ئەمشەو داوا لە کۆنگرێس دەکەم بڕیارێک پەسەند بکەن کە ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز لە دژی داعش بدات.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێـکی وتارەکەی گوتی نابێت وڵاتانی گەوەرە وڵاتانی بچوک بترسێنن، بۆیە ناڕەزایـیمان دەربڕی لە بەرامبەر پەلاماری ڕووسیا و پشـتیوانیمان لە دیموکراسیەتی ئۆکرانیا کرد و هاوپەیمانانی ناتۆمان دڵنیاکردەوە. گوتی سـاڵی ڕابردوو لەگەڵ هاوپەیمانمان سزامان بەسەر ڕووسیا سەپاند، بۆیە ئەوەتا ئەمڕۆ ئەمەریکا لە پاڵ هاوپەیمانەکانی بەهێزە و ڕووسیا گۆشەگیرکراوە و ئابوریـیەکەی بەرەو خراپی دەڕوات.

سەبارەت بە کوبا، سەرۆک ئۆباما گوتی کۆتایی بە سیاسەتێـک دەهێنن کە لە مێژەوە کاریگەری بەسەرچووە، کاتێک بە درێژایی پەنجا سـاڵ سیاسەتێـک پەیڕەو دەکەیت سەرکەوتوو نابێت، ئەوا ئیتر کاتی ئەوەیە شتێـکی نوێ تاقیبکەیتەوە. گۆڕان لە سیاسەتی ئەمەریکا لە بەرامبەر کوبا بۆی هەیە کۆتایی بەو بێ متمانەییە بهێنێت کە لە بەشی ڕۆژئاوای زەویدا هەیە. داواشی لە کۆنگرێس کرد لە ماوەی ئەمساڵدا سزاکانی سەر کوبا لاببرێن.

سەرۆک ئۆباما جارێکی دیکە لە وتارەکەی جەختی لەسەر کاری دیپـلۆماسی کردەوە و گوتی دیپـلۆماسیـیەتە کاراکەمان بۆ یەکەم جار لە پاش دە سـاڵ توانی بەرەوپـێشچوونی بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران ڕابگرێت و ماددە ناوکیـیەکانی کەمبکرێنەوە. گوتیشی لە ئێسـتاوە هەتا بەهار بواری دانوستاندن هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێـکی گشتی کە ڕێگە لە ئێران بگرێت چەکی ناوکی هەبێت و ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئیسرائیلەوە دڵنیا ببن و خۆمان لە هەڵگیرساندنی شەڕێـکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوربگرین. بەڵام جەختی لەوەش کرد مەرج نیـیە دانوسـتاندنەکان سەرکەوتووبن، بۆیە ئەو هەموو بژارەکان لە بەردەمی خۆیدا دەهێڵێتەوە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئێران چەکی ناوکی بەدەسـتبهێنێت. بەڵام ئاگاهی دا سەپاندنی سزا بەسەر ئێران لە لایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە لەم کاتەدا دەبێتە مایەی شکستهێنان بە هەوڵە دیپـلۆماسـیەکان و ئەمەریکا لە هاوپەیمانەکانی جیادەکاتەوە و سەرئەنجام وەها لە ئێران دێتەوە جارێکی دیکە دەسـتبکاتەوە بە بەرنامە ناوکیـیەکەی. پاشان گوتی بۆیە لەبەر ئەمە ئەو مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت لە دژی هەر سزایەکی نوێ لە دژی ئێران کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەم بەرەوپـێشچوونەی بەدەسـتهاتووە. جەختی لەوەش کرد خەڵکی ئەمەریکا خۆازیارن دوایـین شت وڵاتەکەیان هەنگاوی بەرەو بنێت شەڕە، بۆیە ئەو بەنیازە پابەندی ئەوە بێت.

سەبارەت بە هاککردنی تۆڕەکانی ئنتەرنێتی وڵاتەکە لە دەرەوە، سەرۆک ئۆباما گوتی بۆ هیچ کەس و لایەن و وڵاتێـک نیـیە خۆی بکات بەنێو تۆڕی ئنتەرنێتماندا و دەسـتی بگات بە نهێنیـیەکانمان لەوانە نهێنیـیەکانی منداڵانمان. گوتی حکومەتی وڵاتەکەمان کارە سیخوڕیـیەکانی پێـکەوە گرێ دەدات لە ڕووی ئەم هاککردنانە هەر وەکو چۆن لە شەڕی دژی تێرۆر کراون.

پاشان باسی لە ڕوڵی ئەمەریکا کرد لە دەرەوە لە بواری تەندروستی و گوتی لە ڕۆژئاوای ئەفریکا هێزە لەشکریـیەکانمان و زاناکانمان و پـزیشکەکانمان و کارمەندەکانی دیکەی تەندروستیمان کار دەکەن بۆ ڕووبەڕبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا و ژیانی هەزاران کەس ڕزگاردەکەن. سوپای ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی لە کۆنگرێس کرد کە پـێکەوە پشـتیوانی لەم کارە دەکەن.

دواتر گوتی هیچ شتێـک نیـیە هێندەی ژینگە جێی مەترسی بێت و بۆ نەوەکانی نوێمان. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەم پازدە سـاڵەی ڕابردوو پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووتەوە.

لە بەشێکی وتارەکەشی، سەرۆک ئۆباما گوتی داکۆکی دەکات لە زیندانیانی سیاسی و ئەو ژنانەی دەستدرێژیان دەکرێتەسەر و هەروەها کەمینە ئاینیـیەکان، ئەمەش نەک تەنها لەبەر ئەوەی ئەم هەڵوێستێـکی ڕاستە، بەڵکو ئەوە وەهامان لێدەکات زیاتر پارێزراوتربین.

پاشان باسی لە زیندانی گوانتانامۆ بەی کرد و گوتی هیچ شتێـکی ڕاست نیـیە 3 ملیۆن دۆلار بۆ هەر زیندانکراوێـک خەرج بکرێت تاوەکو بەندیخانەیەک بهێڵرێتەوە کە جیهان شەرمەزاری دەکات و تێرۆستان وەکو بابەتێـک بەکاری دەهێنن تاوەکو خەڵکی بە لای خۆیانی پێ ڕابکێشن. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەوەتای ئەو بووە بە سەرۆک ژمارەی زیندانیکراوانی ئەو بەندیخانەیەی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەم کارە تەواوبکات، بۆیە ناوەستێت هەتا ئەو بەندیخانەیە دادەخرێت.

دەقی وتارەکە:

XS
SM
MD
LG