Accessibility links

سەرۆک ئۆباما هاتنی مانگی ڕەمەزان لە موسڵمانان پـیرۆز دەکات


بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پـیرۆزەوە براک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و میشێلی هاوسەری پـیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی هەموو موسڵمانان دەکەن لە ئەمەریکا و سەرانسەری جیهاندا.

لە بەیانـنامەیەکدا کە لە لایەن کۆشـکی سـپیـیەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆک ئۆباما دەڵێت:

لەگەڵ دەرکەوتنی مانگ و هاتنی مانگی ڕەمەزانی پـیرۆز، میشێل و خۆم گەرمترین پـیرۆزبایی ئاڕاستەی هەموو ئەوانە دەکەین کە لە ئەمەریکا و سەرانسەری جیهان چاوڕێی دەرکەوتنی ئەم مانگە بوون تاوەکو بەڕۆژوو ببن.

ڕەمەزان ئەو مانگەیە کە خێزان و کۆمەڵگاکان پـێکەوە لەسەر یەک سفرەی ڕۆژووشکاندن کۆدەکاتەوە و بە کۆمەڵ نوێژ و نزای خۆیان دەکەن، بۆیە لەم پـێکەوە کۆبوونەوە و دانیشـتنانە نەریتی جۆراوجۆر و بەپـێزی کۆمەڵگا و کولتوری ئیسلامی تیایاندا نیشـان دەدرێن.

هەروەها کاتێـکیشە بۆ بیرکردنەوە لە قوڵایی ناخەوە و سەرلەنوێ زیاتر سوپاسگوزاری خودا بکەین و هەست بە بەخشندەیـیشی بکەین. موسڵمانان ڕێز لە هەموو ڕۆژێـکی مانگی ڕەمەزان دەگرن وەکو ڕۆژێک بۆ دان بەخۆداگرتن لە ڕێگەی ڕۆژووگرتنەوە، وە هەر شەوێـکی شەوێـکە بۆ سوپاسگوزاری لە ڕێگەی نوێژ و نزاکردنەوە.

کاتێـکیشە بۆ بەهێزکردنی بڕوا و باوەڕ و سۆز و لێبوردەیی و خۆڕاگرتن لە کاتە سەختەکاندا. لەم مانگی خێر و بەرەکەتە، موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان دەستی یارمەتی درێژ دەکەن بۆ ئەوانەی دووچاری مەینەتی بوون بەهۆی شەڕەوە و ئەوانەشی بە دەست برسێتی و هەژاری و نەخۆشیـیەوە دەناڵێنن.

لێرەش لە ئەمەریکا، موسڵمانە ئەمەریکایـیەکان پەیوەندی بە هاونیشتیمانیـیەکانیانەوە دەکەن بۆ خزمەتکردنی کەم بەختەوەرەکان و ئەنجامدانی چالاکی لە نێوان بیروباوەڕە جیاوازەکاندا بۆ زیاتر لە یەک تێگەیشتن و بیرهێنانەوەمان کە ئێمەی ئەمەریکایی هەموو وەکو ئەندامی یەک خێزان لە پاڵ یەکترداین.

ئەم فرە ئاینی و نیشـتیمانپەروەریـیەی نێو ئەمەریکا هەموومان بەهێز دەکات و هەروەها ئەو ئازادی بیروباوڕەی ئێمە هەمانە، بەها هاوبەشەکانی نێوانمان بەبیر دەهێنێتەوە.

جارێکی دیکە چاومان لە ڕێـیە بۆ پـێشوازیکردن لە موسڵمانە ئەمەریکایـیەکان لە کۆشـکی سـپی، لەو ئێوارەخوانەی سـاڵانە لێرە بۆ ڕۆژووشکاندن سازدەکرێت تاوەکو ڕێز لە مانگی پـێرۆزی ڕەمەزان بگیرێت و هەروەها دەربڕینی پـێزانین بۆ ئەو موسڵمانە ئەمەریکایـیانەی لە سەرانسەری وڵاتدا خزمەتیان کردووە.

جارێکی تر لە خێزانەکەمەوە بۆ ئێوە، ڕەمەزانتان لێ پـیرۆزبێت.

XS
SM
MD
LG