Accessibility links

پێداچوونەوەیەکی نوێی ئەمەریکا دەڵێت هێرشەکەی ساڵی 2021 لە کابوڵ نەتوانراوە ڕێگری لێبکرێت


بەپێی دەرەنجامی پێداچوونەوەیەکی نوێی ئەمەریکا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، تەقینەوە خۆکوژییەکەی ساڵی 2021 لە کابوڵ کە بووە هۆی کوژرانی 13 سەربازیی ئەمەریکایی و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی دیکە، نەتوانراوە ڕێگری لێبکرێت.

پێداچوونەوەکە کە لەلایەن تیمێکەوە بە وردەکارییەوە باس لە تەقینەوەکەی 26 ی مانگی هەشتی ساڵی 2021 دەکات لە دەروازەی ئابی فڕۆکەخانەی کابوڵ، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پێشووتری ئەمەریکای لەسەر تەقینەوەکە پشتڕاست کردەوە.

هێرشەکە قەرەباڵغییەکی زۆری لە دەوری فڕۆکەخانەی کابوڵ کردە ئامانج کە بە پەرۆشەوە دەیانویست بچنە فڕۆکەیەکەوە و لە وڵاتەکە هەڵبێن، لە کاتێکدا کە تاڵیبان لە ڕۆژانی کۆتایی کشانەوەی ئەمەریکادا لە ئەفغانستان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە.

بەهۆی تەقینەوەکەوە زیاتر لە 170 کەس کوژران.

ئەندامێکی ئەو تیمەی کە پێداچوونەوەیان بە تەقینەوەکەدا کردووە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " پێش هێرشەکە هیچ دەرفەتێک نەبووە بۆ ڕووبەڕووی خۆکوژەکە، ئەمەش لەسەر ئاستی تەکتیکی نەتوانراوە ڕێگری لێبکرێت."

وتیشی " خۆکوژەکە بە ماوەیەکی کورت پێش هێرشەکەی گەیشتووەتە شوێنەکە و ئەو کەسە گومانلێکراوە نەبووە کە پێشتر لەو ڕۆژەدا لەلایەن نیشانشکێنەکانەوە ناسراو بوو."

ئەندامێکی دیکەی تیمەکە وتی " لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هەندێک لە سەربازەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە خۆکوژەکە لەبەرچاوییاندا بووە و دەیانتوانی ڕێگری لە هێرشەکە بکەن. بەڵام ئێستا دەزانین کە ئەوە ڕاست نیە."

دۆزینەوەکانی تیمی پێداچوونەوەکە دژی لێدوانەکانی سەربازی پێشووی ئەمەریکایی تایلەر ڤارگاس ئاندروسە، کە لە تەقینەوەکەدا بریندار بوو و ئاماژەی بەوەداوە کە دەرفەتێکیان لە دەستچووە بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەکە.

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی دەروازەی ئابی گرتە ئەستۆ، کۆشکی سپیش ساڵی ڕابردوو وتی تاڵیبان ئەندازیاری هێرشەکەی کوشتووە.

کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بووە هۆی ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی وڵاتەکە بگرێتەوە دەست و هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان دووربخاتەوە، ئەمەش وایکرد دوایین سەربازەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی کابوڵ ئەرکێکی گواستنەوەی هاووڵاتییان ئەنجام بدەن و لە ئەنجامدا و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زیاتر لە 120,000 کەسییان لە وڵاتەکە گواستەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەردەوام داکۆکی لە بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا کردووە لە ئەفغانستان، ڕەخنەگرانیش دەڵێن کشانەوەی ئەمەریکا یارمەتیدەر بوو لە ڕووخانی کارەساتاویی هێزەکانی ئەفغانستاندا.

ئەوەش ڕێگەی خۆشکرد لەبەردەم گەڕانەوەی تاڵیباندا بۆ سەر دەسەڵات، بیست ساڵ دوای ئەوەی یەکەمین حکومەتی تاڵیبان لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دوورخرایەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG