Accessibility links

مێتا تۆڕەکانی ثرێدز بۆ ماوەیەکی ' کاتی ' لە تورکیا دادەخات


کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند " بۆ ماوەیەکی کاتی " خزمەتگوزاری کورتە نامەی ثرێدز لە تورکیا ڕادەگرێت، ئەمەش دوای فەرمانێکی دەسەڵاتی چاودێری کێبڕکێی ئەنکەرەوە لەسەر هاوبەشیکردنی داتاکان.

مێتا وتی فەرمانە کاتییەکەی دەسەڵاتی کێبڕکێی تورکیا " هیچ کاریگەرییەکی " نابێت لەسەر خزمەتگوزارییەکانی دیکەی مێتای وەکو فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپ لە تورکیادا. دەسەڵاتی کێبڕکێی تورکیا دەزگایەکی سەر بە حکومەتە و چاودێری پڕۆسەی کێبڕکێکان دەکات لە بازاڕەکاندا بۆ شتومەک و خزمەتگوزارییەکان، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی کە بە یاسا پێیدراون.

مێتا وتی " هاوڕا نین لەگەڵ فەرمانە کاتییەکەدا، باوەڕمان وایە ئێمە پابەندین بە سەرجەم داواکارییە یاساییەکانی تورکیاوە، داوای پێداچوونەوەش دەکەین." وتیشی " بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نەبووە جگە لە داخستنی ثرێدز بۆ ماوەیەکی کاتی."

مێتا ساڵی ڕابردوو وەکو ڕکابەرێک بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ثرێدزی دەستپێکرد، لە مانگی دوودا مارک زۆکەربێرگی سەرۆکی کۆمپانیای مێتا وتی ثرێدز مانگانە لە سەرانسەری جیهاندا 130 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.

دەسەڵاتی کێبڕکێی تورکیا لە فەرمانەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات تێکەڵکردنی داتای بەکارهێنەران لەلایەن مێتاوە لە نێوان ثرێدز و ئینستاگرامدا " زیانێکی قەرەبوو نەکراوەی لێدەکەوێتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG