Accessibility links

دوای تێپەڕبوونی ساڵیادی مەرگی ژینا، خۆپیشاندانی پچڕپچڕ بەردەوامن


ڕۆژی یەکشەممە، ڕۆژێک دوای یەکەمین ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا، خۆپیشاندانە پچڕپچڕەکان بەردەوام بوون، ئەوەش سەرەڕای سەرکوتکارییەکی بەرفراوان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە.

مەرگی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا لە 16 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا بەدوای خۆیدا هێنا و چەند مانگێک بەردەوام بوون.

ڕۆژی شەممە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، باوکی ژینا ئەمینی، ئەمجەد ئەمینی، بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەرکراوە و هۆشداری دراوەتێ دژی یادکردنەوەی مەرگی کچەکەی.

ڕۆژی یەکشەممە بەپێی ڤیدیۆیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆپیشاندەران لە شاری هەمەدانی ڕۆژئاوای ئێران، چەپڵە لێدەدەن و هاوار دەکەن " مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی." هاوکات لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا دەردەکەوێت خۆپیشاندەران دوای تەقەکردن لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ڕادەکەن. ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە ڤیدیۆکان پشتڕاست بکاتەوە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، دەزگای نیمچە هەواڵی تەسنیم ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، لە ڤیدیۆکەدا شەقامەکانی هەمەدان پیشان دەدات کە ئارامن.

گروپەکانی مافی مرۆڤ، بە دەزگای هەواڵی مافەکانی مرۆڤی هرناشەوە، بڵاوییان کردەوە کە ژمارەیەک کە لە شارە کوردییەکانی سەقز و سەنەندەج دەستگیرکراون. دەزگای هەواڵی سەر بە ئێران وتی دەیان " تیرۆریست " دەستگیرکراون، بە یەکێکیشەوە کە پلانی خۆتەقاندنەوەی هەبووە.

هاوکات بەرپرسان وتییان ڕۆژی شەممە چەند چەکدارێکی نەناسراو لە باشووری ئێران تەقەیان لە گروپی نیمچە سەربازیی باسیج کردووە، کە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و خۆپیشاندەراندا، وتیشیان کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا ڕووداوەکە پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانی ئێستای ئێرانەوە هەبووە یاخود نا.

وەزیری هەواڵگری ئێران هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئێران ڕەنگە کارێکی نادیاریکراو بگرێتەبەر دژی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە کە تاران تۆمەتباری کردوون بە تۆمەتی دروستکردنی پشێوی لە ناو ئێراندا.

کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ،، ڕەخنە لە حکومەتی ئێران دەگرێت، لە مانگی دوودا ڕایگەیاند ستۆدیۆکانی پەخشی ڕاستەوخۆی دەگوازێتەوە بۆ ئەمەریکا، ئەوەش دوای ئەو هەڕەشانەی کە لە بەڕیتانیا ئاڕاستەیان کرابوو.

دەزگای نیمچە هەواڵی فارس لە زاری وەزیری هەواڵگری ئێران ئیسماعیل خەتیبەوە بڵاویکردەوە " ئێران ئینتەرناشناڵ تۆڕێکی تیرۆریستییە، لە هەر شوێن و کاتێکدا کارێکی تیرۆریستی ببینین ڕووبەڕووی دەبینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG