Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە لیبیا 12 سەرباز دەکوژرێن


ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە شاری بنغازی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا 12 سەربازی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەسـتداوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایشیـیەوە بڵاویکردەوە کە گوتویەتی تەقینەوەکە شەوی چوارشەممە ڕوویداوە و سەربازە کوژراوەکان سەر بە فەریق خەلیفە حەفتەر بوون، ئەوەی سەرکردایەتی شەڕی دژی توندڕەوان لە لیبیا دەکات. سەرچاوەکە باسی لەوەش کردبوو تەقینەوەکە لەو کاتەدا بووە کە سەربازەکان نوێژی خەوتنانیان دەکرد.

پـێشتر ڕۆژی چوارشەممە لە ئاکامی شەڕ و پـێکدادانی نێوان هێزەکانی لەشکری لیبیا و چەکدارانی داعش لە ناوچەی سابری و بازاڕی ئەلحوتی شاری بنغازی 4 سەرباز گیانیان لەدەسـتدا و 7 ی دیکە برینداربوون.

عەلی سابت گوتەبێژ لە لەشکری لیبیا گوتی شەڕەکان قورس بوون و چەکدارانی داعش ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراویان بەکارهێناوە. جەختی لەوەش کرد چەکدارانی داعش لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو زیانی گەورەیان لە شاری بنغازی پـێگەیشتووە.

XS
SM
MD
LG