Accessibility links

لە كەركوک 2 چەكدارى داعش دەستگیركران و شەڕیش لە نێو دوو گروپ چەكدارى شیعەدا روویدا


دوو چەكدارى داعش لەلایەن پۆلیسى كەركوكەوە و لەكاتى هەوڵدان بۆ دزەكردنە نێو كەركوک دەستگیركران، هەروەها لەشەڕى نێوان دوو گروپ چەكدارى حەشدى شەعبیشدا لە ناحیەى تازە خورماتووى باشورى كەركوک چەكدارێكى حەشد كوژرا.

عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوک، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"یەكێك لەدوو چەكدارە دەستگیركراوەكەى داعش لەرێگەى نێوان كەركوك و حەویجە و پێش ئەوەى دەستگیربكرێت، هاوسەرەكەى خۆى خنكاندووە."

وتیشى"چەكدارەكە لە كاتى لێكۆڵینەوەدا هۆكارى كوشتنى هاوسەرەكەى گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەى كە رازى نەبووە ئاڵتونەكانى بفرۆشێت و پارەكەى پێبدات."

لەلایەكى تریشەوە و شەوى رابردوو ناحیەى تازە خورماتووى باشورى كەركوك ئاڵۆزى بەخۆوە بینى ، بەهۆى شەڕى نێوان دوو گروپ چەكدارى سەربە حەشدى شەعبیەوە.

عەمید سەرحەد وتى"لەشەڕى نێوان دوو چەكدارە شیعەكەدا چەكدارێک كوژراوە و دوو چەكدارى تریش برینداربوون."

لە بەرانبەردا سەید عەلى هاشم وتەبێژى حەشدى شەعبى لە كەركوک و خورماتوو، ئاماژەى بەوەكرد شەڕى نێوان دوو گروپ چەكدارەكەى حەشد لەسەر مەسەلەى سیاسى نەبووە بەڵكو كێشەى عەشایەرى بووە.

ناحیەى تازە خورماتوو زۆربەى دانیشتوانەكەى توركمانى شیعە مەزهەبن و لە ئێستادا زۆربەى گەنجانى ناحیەكە چەكدارى حەشدى شەعبین و لەناو ناحیەكە و دەوروبەرى بارەگاى سەربازیان داناوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:24 0:00

XS
SM
MD
LG