Accessibility links

مالیزیا دەڵێت گازی ڤی ئێکس بەکارهاتووە لە کوشتنی کیم جۆنگ نامدا


پۆلیسی مالیزیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند گازی ڤی ئێکس کە گازێکی کیمیاییە و لە لیستی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە بۆ چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژ و بەکارهاتووە بۆ کوشتنی کیم جۆنگ نامی زڕ براکەی سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون.

کیم جۆنگ نام لە 13ی مانگی دوودا کوژرا دوای ئەوەی دوو ئافرەت گازی کیمیاییان کرد بەدەمووچاویدا لەکاتێکدا خۆی ئامادە دەکرد لە فڕۆکەخانەی کوالا لامپورەوە بچێت بۆ ماکاو.

پۆلیسی مالیزیا دوو ئافرەتەکەی دەستگیرکرد و یەکێکیان خەڵکی ڤێتنام و ئەوی تریان ئیندۆنیسی بوو هەروەها هەفتەی پێشووش پیاوێکی خەڵکی کۆریای باکوورییان دەستگیرکرد. هەروەها پۆلیس هەوڵدەدات حەوت کەسی تری خەڵکی کۆریای باکوور دەستگیر بکات کە یەکێک لەوانە دیبلۆماتکارێکی کۆریای باکوورە لە باڵێۆزخانەیەک لە کوالالامپور.

خالد ئەبوبەکری سەرکردەی پۆلیسی مالیزیا لە بەیاننامەیەکی پۆلیسدا وتی پۆلیس هەوڵدەدات لێکۆڵینەوە لەوە بکات بزانێت ئایا ئەو گازە کیمیاییە کە مەترسیدارترین گازی کیمیاییە لە جیهاندا هێنراوە بۆ مالیزیا یاخوود لە وڵاتەکەدا دروستکراوە.

لە ماوەی ڕابردوودا خالد ئەبوبەکر وتی ئەو دوو ئافرەتەی کە کوشتنەکەیان ئەنجامدا لەبەرامبەر پارەیەکی زۆردا پێش ئەوەی لە فڕۆکەخانەکە دەربچن دەستییان شتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG