Accessibility links

ژاپۆن سەتەلایەتێکی سیخوڕی لە واڵایی دادەنێت بۆ چاودێریکردنی کۆریای باکور


ژاپۆن ئەمڕۆ هەینی سەتەلایتێکی سیخوڕی لە واڵایی دانا بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی کۆریای باکور کە لەم دواییانە هەڕەشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە زیاترکردووە.

ئاژانسی ئاسمانی ژاپۆن وتی لەم کاتەی نائارامیەکان لە ناوچەکە زیاتر دەبن بەهۆی بەرنامە موشەکییەکانی کۆریای باکورەوە، ئەمڕۆ هەینی لە بنکەی ئاسمانی تانیگاشیما لە باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە سەتەلایەتی Radar 5 بە ڕێگەی موشەکی جۆری H-2A ڕەوانەی ئاسمان کرا. کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەرمی ژاپۆن NHK ڕاستەوخۆ هەڵدانی موشەکەکەی پەخش کرد.

هیچ زانیاریەک سەبارەت بە تواناکانی ئەم سەتەلایتە سیخوڕیە ئاشکرا نەکراوە و پرۆسەی دروستکردنی بە نهێنی لەگەڵ کۆمپانیای میتسۆبیشی ئەنجامدراوە. سەرچاوە فەرمیەکان تەنها وتویانە سەتەلایتێکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریەکان و دەچێتە پاڵ سەتەلایتەکانی تری ژاپۆنەوە.

شایەنی باسە لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ژاپۆن دەستیکردووە بە چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی کۆریای باکور لە ئاسمانەوە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی مەترسیەکان لە ئەنجامی هەردوو بەرنامە ناوکی و موشەکییەکەی ئەم وڵاتە.

سەتەلایتە سیخوڕیەکانی ژاپۆن لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوودان و دەتوانن لە دوری سەدان کیلۆمەترەوە و لە کاتی تەم و هەور و تاریکی شەودا چاودێری جموجۆڵی شتێک لەسەر زەوی بکەن کە ڕووبەرەکەی تەنها یەک مەتر دووجابێت.

هەروەها ژاپۆن ئەم سەتەلایتانە بەکاردەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاریەکان سەبارەت بە کارەساتە سروشتیەکانی ڕوودەدەن لە ئەنجامی بومەلەرزە و سونامی و زریانەوە.

سەرچاوە / فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG