Accessibility links

ئیسرائیل ڕەخنەی توند لە سەرۆکی تورکیا دەگرێت


ئیسرائیل ڕەخنەی توندی گرت لە سەرۆکی تورکیا پاش ئەوەی تەل ئەڤیڤی بە ڕەگەزپەرستی و دژایەتیکردنی دابونەریتی ئیسلامی تاوانبارکرد.

ئیمانۆێل نەحشون گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە گوتی " ئەوانەی بە بەرنامە لە وڵاتەکەیان مافی مرۆڤ پـێشێل دەکەن بۆیان نیـیە ئامۆژگاری و وانە بدەن بە تاکە دیموکراتیەتی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا."

گوتیشی ئیسرائیل بەردەوام تەواوی ئازادی خوداپەرستی جوو و موسڵمان و کرستیانەکان دەپارێزێت، وە لەسەر ئەم ڕێبازەشی بەردەوام دەبێت سەرەڕای ئەو بوختانە بێ بنەمایانەی لە دژی دەکرێن.

دوێنێ دووشەممە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێـکیدا لە ئستەنبوڵ ئیسرائیلی بە ڕەگەزپەرستی تاوانبارکرد و گوتی " جیاوازی چیـیە لە نێوان ڕەفتارەکانی ئێستای ئیسرائیل لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕەگەزپەرستی و جیاوازی ڕەگەزی کە جاران لە ئەمەریکا لە دژی ڕەش پـێستەکان پەیڕەودەکران."

هەروەها گوتی تورکیا ڕێگە نادات بانگ خوێندن لە قودس (ئۆرشەلیم) قەدەغەبکرێت.

جێی ئاماژەیە پەرلەمانی ئیسرائیل تاووتوێی پـرۆژە بڕیارێـک دەکات بۆ ڕاگرتنی بانگ خوێندن لە ئۆرشەلیم، ئەمەش ناڕەزایـیەکی زۆری لە نێو موسڵمانان لێکەوتووەتەوە.

کاربەدەسـتێـک لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گوتی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیر بنیامین نەتەنیاهو، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی دەرەوە یۆڤال ڕۆتیم ئەمڕۆ سێشەممە کەمال ئوکوم باڵیۆزی تورکیا لە تەل ئەڤیڤی بانگهێشتکرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر لێدوانەکانی ئەردۆغان.

لە لایەکی دیکە یولی ئەدلشتاین سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل کە لە پارتی لیکودی دەسەڵاتدارە بە ڕادیۆی گشتی ئیسرائیلی گوت ئەرۆدغان دوژمنی ئیسرائیل بووە و هەر بە دوژمنی ئیسرائیل دەمێنێتەوە. گوتیشی هەتا ئەرۆدغان ڕێبەرایەتی تورکیا بکات پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات وەکو بیست ساڵ لەمەوبەری لێ نایەتەوە.

XS
SM
MD
LG