Accessibility links

دوو سەد ڕۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا لە غەززە


ڕۆژی سێشەممە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس چووە ڕۆژی دووسەدهەمینییەوە و ترس و نیگەرانی هەن لەسەر ئەگەری هێرشی زەمینی ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری کەرتی غەززە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە، ئەمەش لە نێوەندی داواکاندا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس و شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن شەوی ڕابردوو سوپای ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی چڕی لە غەززە ئەنجام داوە، سوپای ئیسڕائیلیش دەڵێت پێگەکانی حەماسی لە باشووری غەززە کردووەتە ئامانج.

بۆردومانکردن و دەنگی تەقینەوەی گەورە لە باشووری ڕۆژئاوای غەززە و شاری خان یونسی باشوور بیستراوە، هاوکات هێرشە ئاسمانییەکانیش کامپی پەنابەرانی بورێجییان کردووەتە ئامانج و بۆمبێکیش لە کامپی پەنابەرانی نوسیرەتی داوە.

چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل، بەپێی ئامارەکانی دەزگای فرانس پرێس و بەرپرسانی ئیسڕائیل، لەو هێرشەدا 1170 کەس کوژراون. ئەو هێرشەی حەماسیش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە.

ئیسڕائیل لە وەڵامدا هێرشێکی سەربازیی دژی حەماس لە غەززە دەستپێکرد، بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە لانیکەم 34,183 کەس کوژراون، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

لە هێرشەکەی حەماسدا نزیکەی 250 کەس بە بارمتە گیران. ئیسڕائیل دەڵێت 129 کەس هێشتا لە غەززە وەکو بارمتە ماونەتەوە، سوپاش دەڵێت 34 بارمتە مردوون.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " هەتاوەکو بارمتەکان ئازاد نەکرێن، ئێمەش کۆڵ نادەین، هەتاوەکو ئەوان نەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە دەرفەت بۆ ئاشتی نابێت."

لە کاتێکدا کە هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە چەقییان بەستووە، قەتەڕی نێوەندگری سەرەکی وتی سەرکردایەتی سیاسیی حەماس لە دەوحە دەمێننەوە و " هەتاوەکو ئەوان لێرە بن، ئەم هەوڵی نێوەندگرییە سودبەخش و ئەرێنی دەبێت."

قەتەڕ کە لە ساڵی 2012 ەوە میوانداری سەرکردەکانی حەماسی کردووە، هەفتەی ڕابردوو وتی دووبارە هەڵسەنگاندن دەکاتەوە بە ڕۆڵەکەیدا وەکو نێوەندگر، ئەوەش گومانێکی دروست کرد لەسەر ئەوەی ڕەنگە حەماس داوای لێبکرێت قەتەڕ جێبهێڵێت.

ڕۆژی دووشەممە بەرگری شارستانی غەززە وتی لاشەی نزیکەی 200 کەس لە نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس دۆزراونەتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراون و نێژراون، ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر ئەوە نەداوە.

ئۆفیسی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زۆر نیگەرانە سەبارەت بەو کاولکارییەی کە لە نەخۆشخانەی ناسڕ و نەخۆشخانەی شیفای شاری غەززەدا کراوە، دوو نەخۆشخانەکە گەورەترین نەخۆشخانەن لە کەرتی غەززەدا و پێشتر هەردوو نەخۆشخانەکە لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە هێرشییان کراوەتە سەر. ئیسڕائیل دەڵێت چەکدارانی حەماس نەخۆشخانەکانییان بۆ خۆ حەشاردان بەکارهێناوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG